Muhammet Ali Kemal
04 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2017
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا، نورەددین جانیکلی ئاشکرای کرد تا ئەمڕۆ هیچ پەرلەمانتارێک یان وەزیرێک کە دەستنیشانکرابێت بە شێوەیەکی چالاک بەرنامەی ''بایلۆک''ی بەکارهێناوە، بوونی نییە.
نورەددین جانیکلی لە چاوپێکەوتنێکی راستەوخۆدا لە کەناڵی سی ئێن ئێن تورک، وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بابەتەکانی رۆژەڤ کرد.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا هێشتا ئەندامانی فەتۆ لە جومگە هەستیارەکانی دەوڵەتدا بوونیان هەیە یان نا، جانیکلی باسی لەوەکرد سەرجەم ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە رێکخراوە تیرۆریستییەکەوە هەبووە، لەچوارچێوەی یاسادا لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و ئەگەر دەرکەوێت کەسانێکی دیکەش پەیوەندییان بە فۆتۆوە هەیە، ئەوا دووردەخرێنەوە.
سەبارەت بە پرسیاری ''ئایا دەکرێت فەتۆ باڵی سیاسیی هەبێت؟'' جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا رایگەیاند ''تا ئەمڕۆ هیچ پەرلەمانتارێک یان وەزیرێک کە دەستنیشانکرابێت بە شێوەیەکی چالاک بەرنامەی 'بایلۆک'ی بەکارهێناوە و لەوبارەیەوە زانیاریی درابێتە ئێمە، بوونی نییە''.
نورەددین جانیکلی ئاماژەی بەوەکرد لەنێو پەرلەمانتارانی پێشوو و رێکخستنەکاندا ژمارەیەک کێشە و گرفت بوونیان هەبووە بەڵام چارەسەری پێویست کراون و تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لەنێو رێکخستنەکانی ئاک پارتیدا کە لە پلەی جیاوازدابوون بە هۆی پەیوەندییان بە فەتۆوە دەرکراون و هەرکاتێکیش بۆیان دەربکەوێت کەسێک پەیوەندیی بەو رێکخراوەوە هەیە ئەوا بێ هیچ سازشێک و بێ ئەوەی ئەوە لەبەرچاو بگرن کە کێیە، چ کارێک پێویست بێت ئەنجامی دەدەن.