Ramal Mahmood
23 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 تشرینی دووەم 2016
سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا سیلڤیۆ برلسکۆنی هۆشدارییدا لەبارەی پێوێستی بەردەوامبوونی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ تورکیا، ئهگهرنا پەنابەران سەرلەنوێ دەستدەکەنەوە بە کۆچکردن بۆ ئەورووپا.
سەرۆکی پارتی فۆرزای ئیتاڵی کە پارتێکی چەپی ناوەند و سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیتاڵیا، سیلڤیۆ برلسکۆنی، ئێوارەی دوێنێ لەکەناڵی تەلەڤزیۆنی حکوومەتی وڵاتهکهی بەشداریی لە بەرنامەی Porta a Portaدا کرد و هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ پێشهاتەکانی ناوخۆ دهرهوهی ئیتاڵیا کرد.
سیلڤیۆ برلسکۆنی ئاماژەی بەوەدا پێویستە یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا لەبارەی پێشهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەروویانەوە رەوشی ناسەقامگیری لیبیا بگەنە ئەنجامێک و گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا لایەنگری بەهاری عەرەبی بوون. بەڵام ئەگەر سەیربکەین ئەو حکوومەتەی لیبیا کە لەلایەن خۆرئاواوە پشتگیریی دەکرێت، لەراستیدا بە ئەرکی خۆی هەڵناستێت".
برلسکۆنی بەبیری هێنایەوە کە بەهۆی کێشە ناوخۆییەکانی لیبیاوه یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار هاووڵاتیی ئهو وڵاته روویانکردووەتە تونس، ئەوەشی خستەروو کە هەمان مەترسی ئەگەری هەیە رووبکاتە ئەورووپا و گوتی: "ئەمڕۆ مەترسییەکی زۆر جدیی لهئارادایه. دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار پەنابەر لەتورکیان. ئەگەر بەردەوام نەبین لە پەیوەندیی دۆستانە و باش لەگەڵ تورکیا، ئەگەر ئهو وڵاته سنوورەکانی واڵا بکات ئەوا سەرلەنوێ پەنابەران دەستدەکەنەوە بە هاتن بۆ ئەورووپا".
لهوهڵامی پرسیارێکدا سهبارهت بهرێککەوتننامەی واژووکراوی نێوان تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا بۆ پێشگرتن لهشەپۆلی پەنابەران لەمانگی ئازاری رابردوودا، برلسکۆنی گوتی: "بەدڵنیاییەوە، ئێمە باجی زۆرمان داوە بۆ ئەوەی تورکیا ئەو پەنابەرانە رابگرێت. ئەگەر پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا تێکبچن، لەوانەیە تورکیا سنوورەکانی بخاتە سەر پشت".
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکوەزیرانی پێشوو بانگەشەی ئەوەشی کرد ئەمڕۆ هیچ وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە دیموکراسی بێت، لەژێر هەرناوێکدا بێت لەلایەن دیکتاتۆر، پاشا یاخود سەرکردەیەکی بەهێزهوه پێویستە بەڕێوە ببرێت.