واشنتۆن
ماڵپەڕی دی دەیلی بێستی ئەمریكایی لە هەواڵێكدا باسی ئەوەی كردووە كە دەزگای هەواڵگری ئەمریكا هاوكارییەكانی خۆی بۆ ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سووریا لەم چەند مانگەی دواییدا كەم كردووەتەوە.
لە هەواڵەكەدا باسی ئەوە كراوە كە بە بیانووی نزیك بوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سووریا لە گرووپی نوسرا و هەروەها بە بیانووی ئەوەی هیچ كاریگەرییەكیان نییە، زۆر بە كەمی هاوكارییان پێشكەش دەكرێ.
ئەو ماڵپەڕی لە بەردەوامی هەواڵەكەدا ئاماژەی بە لێدوانی بەپرسێكی ئەمریكایی كردووە كە باس لەوە دەكات ئەو گرووپانەی ئۆپۆزسیۆنی سووریا كە لەو هەڵوێستەی ئەمریكا نیگەرانن كە لە بەرەی نوسرا نزیك بوونەتەوە.
هەر چەند بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری و دەرەوەی ئەمریكا وەڵامی ئەو قسانە نادەنەوە بەڵام جەخت لەوە دەكەنەوە كە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سووریا بەردەوامن.
ئەلیزا سمیس یەك لە گوتەبێژانی كۆشكی سپی لەو بارەوە لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "بۆم نییە لەسەر چالاكی دەزگاكانی دیكە قسە بكەم بەڵام ئەوەی دەزانم ئەوەیە كە وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بەردەوامە لە هاوكاری كردنی ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سووریا".
سمیس گوتی: "بەرنامەی پەروەردە و پڕچەك كردن لە لایەن ئەمریكاوە بۆ ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سووریا جێبەجێ دەكرێت و لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا كە تازە ئامادە كراوە فەرماندەی هێزی تایبەتی بڕیارگای ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا میخائیل ناگاتا لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا رۆژانی 12 و 13ی كانوونی دووەم لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سووریا كۆبوونەتەوە".
سمیس گوتی: "ئەو كۆبوونەوەیە بۆ ناساندنی بەرنامەكەی ئەمریكا و چۆنێتی جێبەجێكردنی، دەرفەتێكی باشی بە ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سووریا داوە و هاوكات بۆ باشتر تێگەیشتن لە رەوشی مەیدانی سووریا ئەو كۆبوونەوەیە زۆر گرنگ بووە و لایەنەكان جەختیان لەسەر پشتگیریكردنی ئەو بەرنامەیە و بەردەوامی كۆبوونەوەكانی لەو جۆرە كردووە".
سمیش جەختی لەوە كردەوە كە هەفتەی رابردوو وەزیری بەرگری ئەمریكا چاك هیگڵ دەسەڵاتی بە لایەنی پەیوەندیدار داوە كە شوێنی راهێنانی ئۆپۆزسیۆنی میانەڕۆی سووریا دابمەزرێنن و لەو چوارچێوەیەدا وەكو یەكەم هەنگاو 10 شوێنی جیاجیا دەستنیشانكراون و چاوەڕوان دەكرێت لە چەند هەفتەی داهاتوودا راهێنەرەكان رەوانەی ئەو ناوچانە بكرێن.