Bayram Altuğ
04 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2020
جنێڤ - AA
نەتەوە يەكگرتووەكان، لەسەر بەردەوامبوونى هێرشەكانى رژێمى ئەسەد كە لەلايەن رووسيا و ئێرانەوە پاڵپشتكراوە بۆ سەر خەڵكى سڤيل لە ئيدلب رايگەياند، " ئيدلب شوێنێكى ئارام نەماوە و بۆمب فرێدراوەتەوە سەر هەموو شوێنێك".
گوتەبێژى نووسينگەى هەماهەنگى كاروبارى مرۆڤايەتى لە نەتەوە يەكگرتووەكان، جێنس لێرك، لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانيدا كە لە نووسينگەى نەتەوە يەكگرتووەكان لە جنێڤ رێكيخست، روونكردنەوەى لەسەر هێرشەكانى نۆ مانگى رابردووى بۆسەر ئيدلب دا.
لێرك، رايگەياند، هێرشە ئاسمانييەكان و تۆپهاوێژەكانى رژێمى ئەسەد و ئەوانەى پاڵپشتى دەكەن ناوچەكەيان رووبەڕووی كارەساتى گەورە كردووە و گوتى: " لە ئاكامى كارەكانى نووسينگەى مافەكانى مرۆڤى سەر بە نەتەوە يەكگرتووەكان لەو ماوەيەدا، ئەوەيان دەستنيشانكردووە كە زياتر لە ٥٠٠ كەس گيانيان لەدەستداوە".
هەروەها لێرك، گوتيشى:
"شوێنێكى ئارام نەماوە لە ئيدلب. بۆمب فرێ دەدرێتە سەر هەموو شوێنێك. تەنانەت ئەوانەى كە لە بەرەى شەڕ و پێكدادانەكاندا هەڵدێن لە ئەماندا نين. لە ئاكامى ئەو بۆردومانەى كە ماوەى دوو مانگە بەردەوامە شاڵاوێكى كۆچكردنى مرۆڤ هەيە لە ناوچەكەدا. گەورەترين كێشە دۆزينەوەى پەناگەيە. هەزاران كەس لە نەخۆشخانە و مزگەوتەكاندا خۆيان حەشارداوە. كەسێكى زۆريش روويانكردۆتە چادرە قوڕاوييەكان. لەوێ رووبەڕووى سەرما و سۆڵەى زستان دەبنەوە".