ھەولێر
سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە تەوەری دووەمی ھەڤپەیڤین لە گەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: "پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە کۆتایی پێدێ و ھەموو وەزیرەکان سوێندی یاسایی دەخون."
لە بارەی وەزارەتە سەرەکییەکان سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھەریەک لە کەریم سنجاری بۆ وەزارەتی ناوخۆ و ئاشتی ھەورامی بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەشوێنی خۆیان دەمێننەوە و وەزیری پێشمەرگە مستەفا سەید قادر لە فراکسیونی گوڕان دەبێ."
لە بارەی تێپەڕینی کاتێکی درێژ لە پێکھێنانی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "مەسڵەحەت وا بوو کە پێکھێنانی کابینەکە کاتێکی درێژی خایاند. ئامانجمان یەکگرتوویی ھەموو لایەک بوو کە گەیشتنە ئەو ئامانجەی خومان. پرس و کێشەکانی ناوچەکە ھیچ کاریگەرییەکی لە سەر پێکھێنانی حکومەت نەبووە. ھەرچەندە زۆری خایاند، بەڵام لە کوتاییدا ئێمە توانیمان یەکگرتوو بین. دوای ھەڵبژاردنی عێراقیش کورد ھەر یەکگرتوو بووە و ھەموو کوردستانیان یەکگرتوو بوون و رۆلێکی یەکگرتوویان بەرامبەر بەغدا ھەبوو. بۆ ئەم مەبەستە تیمێکمان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەغدا دروستکرد. دەبێ کورد لە بەرامبەر ئەو رووداوانەی لە کوردستان و عێراق روودەدەن، یەکگرتوو بن."
لە بارەی وەزارتی تورکمانەکان و ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ئەو وەزارەتە گوتران، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "وەزارتی داد بە تورکمانەکان دەدرێ. ئێمە بە ھیچ شێوەیەک دەستمان نەخستۆتە ناو ئەو کارە، لایەنە تورکمانەکان لەنێوخۆیاندا سینان چەڵەبی وەزیری پێشوی پێشەسازیان بۆ ئەو وەزارەتە ھەڵبژاردووە و ئێمەش رێز لە بڕیار و بیر و بۆچوونیان دەگرین."
لە بارەی نەبونی ئۆپۆزسیۆن سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئیمە لەو چوار ساڵەی داھاتوو پێویستمان بە سیاسەتێکی یەکگرتوو ھەبوو و خۆشحاڵین بەوەی کە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان یەکتریان گرتووە. ئێمە رەخنە لە یەکتر دەگرین. ھەرچەندە من رۆلم ھەبوو لەو مەسەلەیە، بەڵام دواجار ھێزە سیاسیەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندی کوردستان بڕیاری خۆیان داوە و منیش خۆشحاڵم کە توانیم متمانەی ئەوان بەدەست بھێنم. گرنگ ئەوە بوو کە متمانەی ئەو ھێزانە وەرگرم و ھەر لایەنێکیش ھەر شتێک ویست، پێی گەیشت."