سياسەت, عێراق

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە

لە بەردەوامی سەردان و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان،بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان،نێچیرڤان بارزانی بە یاوەری جێگرانی سەرۆک شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ومستەفای سەید قادر، سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-یان کرد.

Heman Hussein Yaseen  | 05.05.2021 - نوێکردنەوە : 05.05.2021
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە

Arbil

هه‌ولێر - AA

لە بەردەوامی سەردان و کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە یاوەری جێگرانی سەرۆک شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفای سەید قادر، سەردانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان-یان کرد و لەلایەن سکرتێری مەکتەبی سیاسیی، فازل میرانی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازییان لێکرا.

بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا پرۆسەی سیاسی و دۆخی ھەرێمی کوردستان بەگشتی، رۆڵی پارتی لە کارکردن بۆ کەمکردنەوە و نەھێشتنی ناکۆکیی نێوان لایەن سیاسییەکان و ھەنگاونان بەرەو پتەوکردنی تەبایی و یەکڕیزیی نێوانیان، دروستکردنی میکانیزم و چوارچێوەیەکی نیشتمانی بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان بە ھەموو بیروبۆچوونە جیاوازەکانەوە تا پێکەوە بەرەوڕووی تەحەدییەکانی ئێستا و داھاتوو ببنەوە، ئامادەکردنی دەستووری ھەرێمی کوردستان، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و چەند پرسێکی دیکە، تاوتوێ کران.

ئاماژەی بەوەشداوە کە نێچیرڤان بارزانی جەختی لە رۆڵی پارتی و پێگەی گرنگ و بەرپرسیارانەی بۆ بەدیھێنانی تەبایی و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان و ئارامی و سەقامگیریی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان کردەوە کە دەتوانێت لەمبارەیەوە دەسپێشخەر و کارا بێت و رۆڵێکی ئەرێنیی بەرپرسانە و نیشتمانی بگێڕێت.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو "مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، وێڕای ستایشی و دەستخۆشی، ھەموو پشتگیرییەکی خۆی بۆ ئەرک و دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ھەوڵدانیان لە پێناو تەبایی و پێکەوەیی و یەکڕیزیی لایەن و پێکھاتە کوردستانییەکاندا دووپاتکردەوە و ھیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست، ھاوبەشی و بەشداریی کارای پارتیشیان بۆ ئەم مەبەستە بە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی پارتی لە قەڵەم دا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن