ڤاتیكان
كاردینال فێرناندۆ فیلۆنی كە حەفتەی رابردوو وەك نوێنەری تایبەتی رابەری رۆحانی جیھانی كاسۆلیك پاپا فرانسیس سهردانی ههرێمی كوردستانی كردبوو، ئاماژەی بەوەدا كه ئەو ئاوارانەی ماڵ و حاڵی خۆیان جێھشتووە دەتوانن لە ژێر پاراستنی ھێزەكی نێودەوڵەتی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
كاردینال فێردیناند فیلۆنی دوای گەڕانەوەی بۆ ڤاتیكان زانیاری لەبارەی گەشتەكەی دایه پاپا و ھەروەھا یاداشتەكانی بۆ میدیای ئیتاڵی و ڤاتیكان باسكرد.
فیلۆنی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "Corriere della Sera" سەبارەت بە ئاوەرەكان گوتی: "ئاوەرەكان دەیانەوێ لە ژێر چاودێری ھێزێكی نێودەوڵەتی بگەڕێنەوە سهر ماڵ و شوێنی خۆیان و ئاواره مەسیحییەكان داوای ھێزی ئاشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن."
نوێنهری پاپای ڤاتیكان لە لێدوانەكەی بۆ رۆژنامەی "L’Osservatore Romano" ئاماژەی بەوە كردووه كه پاپا ئەوی بۆ له نزیكهوه ئاگاداربوون لهسهر دۆخی پەنابەرانی مەسیحی، ئێزیدی و كەمینەی دیكە بۆ عێراق ناردووە و گوتی: "ئەم گەشتە زۆر باش بەڕێوەچوو و توانیم ئەو مرۆڤانەی ئازار دەكێشن لە نزیكەوە ببینم. ئەندێشە، سەختی، نیگەرانی و زۆر كێشەی دیكەم لە دەموچاویان بینی. بە تایبەت لەو خێزانانەی كه منداڵیان ههیه چونكه ھێشتاش ئاییندەیان جێاگای نیگەرانیە و نادییارە."
فیلۆنی ھەروەھا بۆ ئاژانسی رەسمی دەنگوباسی ڤاتیكان فیدێس گوتی: "رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پاپا لە ھەوڵی ئەوهدان ھێرشە ناڕەواكان رابگرن."
نوێنهری پاپا ههروهها گوتی: "كڵێسە ھەموو كات دژی شەڕە. ئهو مرۆڤه ههژارانه پێویستیان به بهرگری ههیه، چەكیان نییە، لە ماڵی خۆیان دەركراون. ئایە چۆن دەتوانین ژیانێكی ئارام بۆ ئهو ئاوارانه لهناو ماڵی خۆیان دابین بكهین؟ لە دوای چارەسەرێك دەگەڕێین، من مەبەستم توندوتیژی نییە، بهڵكو باسی رێگا چارەیی دیكە دەكەم. چونكە ناتوانین ھاواریان بۆ ھاوكاری مرۆیی فەرامۆش بكەین."
فیلۆنی باسیشی لەوە كرد كه لە وڵاتانی رۆژئاوا ھەندێ لایەن دەیانەوێ ئهو شەڕەی عێراق بە شەڕی نێوان مەسیحی و مسوڵمانان بناسێنن و گوتی: "ئەو ھێرشانە كاریگەری لەسهر مەسیحی، ئێزیدی، شیعە و بەشێكی سوننەكانیش ههیه. بۆیە ناتوانین بڵێین ئەمە شەڕی مەسیحی و مسوڵمانانە. ئەوانەی ئەم توندوتیژییە لە دژی كەمینەكان ئەنجام دەدەن، لە پێناوی ئایدیۆلۆژیایەكی ئاینیی سیاسی ئهو كارانه دەكەن. پێویستە ئهمه بهباشی بزانرێ."