هه‌ولێر
حه‌فته‌ی رابردوو هه‌رێمی كوردستان به رەسمی رایگه‌یاند: نه‌وتی له به‌نده‌ری جه‌یهانی توركی ره‌وانه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه كردووه بۆ فرۆشتن.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هه‌رێم لێكدانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و نێوده‌وڵه‌تی به دوای خۆیداهێنا.
په‌رله‌مانتارانی كوردستان، هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به هه‌نگاوێكی گرنگ داده‌نێن. پێیانوایه ئه‌گه‌ر نه‌وت به‌شێوه‌یه‌كی باش و شه‌فاف بفرۆشرێ و داهاتی ئاشكرابێ، ده‌بێته هۆی بوژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی و خزمه‌تگوزاریی بۆ دانیشتووانی هه‌رێمی كوردستان.
ئێستا له حه‌ڤده ناوچه‌ی كوردستان، پڕۆسه‌ی وه‌به‌رھێنان له نه‌وتدا به‌رده‌وامه و رۆژانه نزیكه‌ی ٣٤ ھه‌زار ته‌ن نه‌وت ههڵدهگۆزرێ و كۆمپانیاكانی وه‌كو ئیكسۆن مۆبیل و شیڤرۆنی ئه‌مریكی، تۆتاڵی فه‌ره‌نسی، گازپڕۆمی روسی، كاری هه‌ڵگۆزین و دۆزینه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هەروەها دوو كۆمپانیای گەورەی توركیا له كوردستان چالاكییان هه‌یه لە بواری نەوتدا.
هه‌رێمی كوردستان به‌شی ھه‌ره زۆری ھه‌نارده‌ی نه‌وتی له‌ڕێی توركیاوه ئه‌نجام ده‌دا، رۆژانه نزیكه‌ی ١٠٠ ھه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕێی بۆریی نەوتبەرهوه ھه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ده‌كا و ئه‌و نه‌وته له عه‌مباره‌كانی جه‌یهان هەڵدەگیرێن دواتر ره‌وانه‌ی وڵاتانی رۆژئاوا ده‌كرێن.
رۆژی چوار شه‌ممه 29ی ئایار سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان- كاربه‌ڕێكه‌ر. نێچیرڤان بارزانی له په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "هەرێمی كوردستان دەتوانێ لە ماوەیەكی زۆر كورتدا ڕۆژانه 250 هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە بكا. هه‌روه‌ها تا كۆتایی ساڵ زیاتر لە 500 هەزار له ڕۆژێكدا بەرمیل ڕەوانەی دەرەوەی دەكەین. ئەم سەربەخۆییە ئابوورییە زۆر گرنگە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەگەر پاڵپشتیی په‌رله‌مانتاران و هاووڵاتیانی كوردستان نەبێ، بێگومان شكست دێنێ. تەنیا هۆكاری شكستهێنانی ئەم سیاسەتە ئەوەیە ئێمە كۆدەنگ نەبین. بەغدا ناتوانێ چۆك بە هەرێمی كوردستان دا بدا ئەگەر خۆمان یەكگرتووبین لەم قۆناغەدا. ناکۆکی و ناتەبایی تەنیا کۆسپی بەردەم سەرپێخستنی ئابوورییەکی سەربەخۆیە بۆ کوردستان."
جێگری لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانی كوردستان دڵشاد شه‌عبان بۆئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هه‌ڕه‌شه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌سه‌ر بڕینی بودجه‌ی هاووڵاتیان و گه‌مارۆی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان وایكرد، هه‌رێمی كوردستان بڕیارێكی ته‌ندروست بدا كه هه‌ناردنی نه‌وته بۆ ده‌ره‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ پێداویستییه ناوخۆییه‌كانی به‌و داهاتە دابین بكا."
شەعبان گوتیشی: "بڕیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هەنگاوێكی عاقڵانهیە کە نه‌وتی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه کردووە. ره‌نگه داهاتی ئه‌و نه‌وته له قۆناغی ئێستا پێداویستییه‌كانی هه‌رێم پڕنه‌كاته‌وه، چاوه‌روان دەكرێ تاكۆتایی ساڵی 2015 رۆژانه بگاته یه‌ك ملیۆن به‌رمیل، ئه‌و رێژه‌یه هه‌موو پێداویستییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پڕ ده‌كاته‌وه."
به‌پێچه‌وانه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان، یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان كه هاوپه‌یمانی ئه‌و حزبه له به‌ڕێوه‌بردنی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان، پێیوایه نه‌ده‌بوایه حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری ناردنه ده‌ره‌وه‌ی نه‌وتی بدایه ئه‌مساڵ.
ئه‌ندامی فراكسیۆنی، ی.ن.ك له په‌رله‌مانی كوردستان، رێواس فایه‌ق بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ته‌نیا گله‌یی و بۆچوونی یه‌كێتیی ئه‌وه‌یه گونجاو نه‌بوو نه‌وت بۆ فرۆستن ره‌وانه‌ی دەرەوە بكرایه، ده‌بوو ساڵی داهاتوو حكومه‌تی هه‌رێم نه‌وتی بفرۆشتبایه چونكه ئه‌نجامه‌كه‌ی دیاره ئێستا هاووڵاتییان قوربانییان داوه و هه‌رێم دوچاری قه‌یرانی دارایی هاتووه."
ئه‌ندامی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی له په‌رله‌مانی كوردستان، سۆران عومه‌ر ده‌ڵێ: "له‌گه‌ڵ ره‌وانه‌كردنی نه‌وتین له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین نه‌وتی هه‌رێم ره‌وانه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه بكرێ، به‌ڵام ناكرێ له داهات و سیاسه‌تی نه‌وت بێده‌نگ بین، چونكه ئێستا هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی قه‌یرانی دارایی بۆته‌وه ئه‌گه‌ر نه‌وت نه‌بێته خۆشگوزه‌رانی بۆ هاووڵاتیان بێگومان كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌بن. به‌هۆی ئه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ده‌ریا نییه، به‌ڵام باشی په‌یوه‌ندی هه‌رێم و توركیا وایكردووه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه بكرێ، بێگومان ده‌توانین به نه‌وت ئابوورییەكی به‌هێز بۆخۆمان مسۆگه‌ر بكه‌ین."
به‌بڕوای ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كۆمه‌ڵی ئیسلامی، پرسی نه‌وت لای په‌رله‌مانی كوردستان هێشتا روون نییه ئەو گوتی: "پێشتر له دوایین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا و هه‌رێم. كاك نێچیرڤان بهڵێنیدا سیاسه‌تی نه‌وت و داهاته‌كه‌ی بۆ په‌رله‌مان روونبكاته‌وه."
هه‌رچه‌نده یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان، له‌گه‌ڵ هه‌ناردنی نه‌وت نه‌بووه ئه‌مساڵ، بەڵام پێیوایه نابێ پ.د.ك نه‌وت بكاته پاكێجێك بۆ ده‌ستكه‌وتی سیاسی خۆی.
رێواس فایه‌ق ده‌ڵێ: "پرۆسه‌ی نه‌وت سەرمایەیەکی نیشتمانییه، هی پارتی دیموكراتی كوردستان نییه بە تەنیا، ئێستا ئه‌وه‌تا ده‌بینین هاووڵاتیان باجیسیاسەتی نه‌وتی هەرێم ده‌ده‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر خه‌ڵك پشتگیری له حكومه‌ت نه‌كا له هه‌ناردنی نه‌وت بۆ ده‌ره‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم شكست ده‌هێنێ"
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی ی.ن.ك ره‌خنه له پارتی دیموكراتی كوردستان، ده‌گرێ و دەڵێ: "به‌رپرسانی پ.د.ك كه ئێستا له په‌رله‌مان و ناوه‌نده‌كانی بڕیار له‌سه‌ر نه‌وت خۆیان هه‌ڵده‌كێشن، به‌داخه‌وه ئه‌و بیره نه‌وتانه‌ی كه یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، له سه‌رده‌می ئیداره‌ی خۆی هه‌ڵیکه‌ند، پارتی له شه‌ڕی ناوخۆدا به چیمه‌نتۆ پڕی كردنه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش خۆمان به شه‌ریكی نه‌وت ده‌زانین و ئه‌ندامێتیمان له لیژنه‌كاندا هه‌یه."
پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و فرۆشتنی نه‌وت له یاسای نه‌وت و غاز پێناسه‌كراوه، وه‌ك فرۆشتن و ده‌رهێنان و هه‌ناردنی نه‌وت دیاریكراوه، هه‌ر په‌رله‌مانتارێك بیه‌وێ ده‌توانێ له ماڵپه‌ری وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان زانیاریی له‌سه‌ر وه‌ربگرێ.گوتی "به‌پێی یاسا پێویسته په‌رله‌مانتار چاو‌دێر بێ بێگومان له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی هه‌شتی هه‌رێمی كوردستان، ده‌بێ به‌دواداچوون بۆ نه‌وت بكه‌ین و چاودێری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سیاسه‌تی نه‌وت بكه‌ین".
سه‌باره‌ت به چاودێریكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانی كوردستان. دڵشاد شه‌عبان ده‌ڵێ: "وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان كه‌مته‌رخه‌م نه‌بووه له خستنه‌ڕووی سیاسه‌ت و به‌رنامه‌ی پرسی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان، هاوكات په‌رله‌مانی كوردستان چاودێری وردی كاری ئەو وه‌زاره‌تە ده‌كا بۆ ئه‌وه‌ی له نزیكه‌وه ئاگامان له سیاسه‌ت و داهاتی نه‌وت بێ."
به‌هۆی نه‌وته‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا گرژی به‌خۆوه بینی‌و،ه له‌و باره‌وه نوری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هه‌ناردنی نه‌وتی کوردستانی بە " جۆرێك له دزیكردن له عێراق" وەسفکردبوو.
له وه‌ڵامی ئه‌و قسانه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئامادەین لە پرسی هەناردنی نەوتی هەرێم، بەغدا لەگەڵ ئێمەدا بەشداربێ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای سۆمۆ، بەڵام ناکرێ ئێمە کۆنترۆڵی خۆمان بدەینە دەست سۆمۆ. ئێستا ئێمە ئەو نەوتەی هەناردەی دەرەوەی دەکەین، دەیفرۆشین و ١٧%ی حەقی خۆمانی لێ گل دەدەینەوە و ئەوەیشی مایەوە، رەوانەی بەغدای دەکەین."
به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان دەڵێن به پشتبه‌ستن به‌مافه ده‌ستوورییه‌كان، نه‌وت ده‌رده‌هێنن و ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش له گوتاری نێچیرڤان بارزانی له په‌رله‌مانی كوردستان خرایه‌ڕوو كه دوای ساڵی 2005ـ حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی هه‌رێم كۆك بوون له‌سه‌ر وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافی هه‌رێم به‌پێی مادەی 112 لە دەستووری عێراق.
news_share_descriptionsubscription_contact

