جنێڤ
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لاورەنت فابیۆس، وەکو ئاماژەیەک بە پێشکەوتنی دانوستان و بۆ مۆرکردنی رێککەوتن سەردانی جنێڤ دەکەن.
قۆناغی یەکەمی کۆبوونەوەی ئێران لەگەڵ گروپی ١+٥ کە ئەندامانی ھەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و ئەڵمانیا لەخۆ دەگرێ، لە شاری جنێڤ دەست پێدەکا بەمەش لە رێککەوتنی کۆتایی نزیک دەبنەوە.
راگەیەنرا ھەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و فەڕەنسا، بۆ بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی جنێڤ سەبارەت بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، سەدرانی جنێڤ دەکەن. ئەو سەردانەش ئاماژەیە بەوەی کە دانوستان لەگەڵ ئێران بەرەوپێش دەڕوات.
کیری کە ئێستا بەسەردانێک لە ئوردنە، بەر لەوەی بچێتە جنێڤ کتوپڕ سەردانی ئیسرائیلی کرد.
بەرپرسی پەیوەندیی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کاترین ئاشتۆن، کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری گروپی ١+٥ دەکا، دوێنێ لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گەورە دانوستانکاریئەو وڵاتە، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیی دا گوتی:" پێموایە یاداشتی لێکگەیشتن یان رێککەوتن ئیمزا دەکەین"
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند: دانوستان بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچێ: "ئامادەکارییەکان بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ ھیوا بەخشن."
لەلایەکی دیکە جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس ئاراکچی، دوێنی ھەینی لە تەلەڤزیۆنی رەسمی دەوڵەتی ئێران ئاشکرایکرد قۆناغی یەکەمی گفتوگۆ کە لە ١٥ – ١٦ ئەم مانگە ئەنجام دەدرێ، گروپی١+٥ پلانەکەیان پەسەند کردووە. لەمبارەیەوە ئەوان بە رەسمی ئاگادار کراونەتەوە.
ھەر سەبارەت بەو پرسە، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاھۆ رایگەیاند: گروپی ١+٥ داوایەک لە ئێران دەکەن و ئیسرائیل بەتەواوەتی دژی ئەو داواکارییەیە.
ھێشتا دیار نییە لەو دانیشتە لایەنەکان دەگەنە رێککەوتنی کۆتایی یان نا، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایدەگەیەنن ئێران توانای ھەیە لە ساڵێکدا بۆمبی ئەتۆمی بەرھەم بێنێ، لەمبارەیەوە داوا دەکەن ھەنگاوی یەکەمی رێککەوتن ئێران لانیکەم بەرنامەی ئەتۆمی خۆی رابگرێ.
کۆبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراو
لەلایەکی دیکە بەگوێرەی ھەواڵی چەند سەرچاوەیەکی میدیایی، بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست مانگی رابردوو لە سویسرا کۆنفڕانسێک ئەنجامدراوە، کە تێیدا بەرپرسانی ئێران، ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بەشدارییان تێدا کردووە.