Mazın Asad
13 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2017
بەغدا - AA
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ شەڕی دژی داعش، برێت مەکگۆرک رایگەیاند سەدا ٦٥ ئەو خاکانەی لە لایەن داعشەوە داگیر کرابوو، کۆنترۆڵ کراوەتەوە.
مەکگۆرک لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند: "داعش رۆژ لە دوای رۆژ شکست دەھێنێت. ھێزەکانی عێراق بە پاڵپشتی ھێزەکانی ھاوپەیمانان، رووبەری ٥٠هەزار کلیۆمەتر خاکیان لە داعش پاککردووەتەوە. ئەمەش دەکاتە کۆنترۆڵکردنی سەدا ٦٥ی ئەو خاکانەی کە پێشتر لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵ کرابوو".
مەکگۆرگ ئاماژەی بەوەش دا کە ھێزەکانی ھاوپەیمانان، مەشق و راھێنانان بە ٩٠ ھەزار کەس لە سوپای عێراق و ھێزەکانی دژەتیرۆر کردووە و زیاتر گوتیشی: "لە ئەنجامی ھێرشە ئاسمانییەکانی ھێزەکانی ھاوپەیمان، ١٨٠ سەرکردەی داعش کوژراوە و رێگەی بەپەلە دەرچوونی ئەندامانی رێکخراوەکە پچڕاوە و رێگری لە ھاتنی چەکدارانی بیانیش کراوە. داعش لە ژێر گەمارۆدایە و رەنگە لە ناکاو شکست بھێنێت".
نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ شەڕی دژی داعش جەختی لەوەش کردەوە کە پشتگیریکردنی عێراق، یەکێکە لە بابەتە سەرەکییەکانی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و گوتیشی: "پەیوەندیمان لەگەڵ عێراق درێژخایەنە".
-عەبادی سەردانی ئەمریکا دەکات
مەکگۆرک زانیاریی ئەوەی دا کە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی سەردانی ئەمریکا دەکات و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد کۆدەبێتەوە و سەردانەکەی عەبادی بۆ ئەمریکا بە "سەردانێکی مێژوویی" وەسفکرد.
ھاوکات تیشکی خستە سەر سەردانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە عادل جوبەیر بۆ بەغدا و لەوبارەیەوە گوتی: "لەمە گرنگتر ئەوەیە کە ئێستا بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی سعوودیە دەکات. ئێمە دەستپێشخەرییمان بۆ ئەم سەردانە کرد. ھیواخوازم لەمەودوا پێشھاتی ئەرێنی دێتە ئاراوە".
جێگەی باسە دوێنی شەممە نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ بۆ شەڕی دژی داعش،برێت مەکگۆرک سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ ھەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، سەلیم جبووری و وەزیری بەرگری، عیرفان حیالی کۆبووەوە.