Fakhradin Ibrahim Mohammad
07 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 09 شوبات 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە پزیشکی داهێنەری کورد، ئازاد نەجار کرد کە دڵێکی دەستکردی داهێناوە.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە مەسرور بارزانی پێشوازی لە پزیشکی کورد، ئازاد نەجار کردووە کە نیشتەجێی سویدە و خاوەنی چەندین داھێنانە لە بواری پزیشکیدا کە گرنگترینیان دڵێكی دەستكردە.
ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت دەستخۆشیی لە دکتۆر ئازاد نەجار کردووە و ستايشی داهێنانەکانی کردووە و ئاماژەی بەوەیشداوە کە جێگەی شانازییە پزیشکێکی کورد لە رێگەی داهێنانەکانی، بتوانێت لە ئاستی جیهاندا ئەو دەسکەوتە گرنگانە بەدەست بهێنێت و هیوای سەرکەوتنیشی بۆ خواستووە لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتییدا.
هەروەها رایگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، دکتۆر ئازاد نەجار سوپاسی پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە و ئامادەییشی دەربڕیوە کە بە هەر شێوەیەک لە توانایدا بێت، خزمەتی کوردستان بکات بەتایبەتی لە بواری تەندروستیی و پێشخستنی داهێناندا.