بە گوێرەی ئاژانسی رەسمیی MENA، حازم ئەلبەبلاوی سەرۆکوەزیرانی میسر، بەھۆی تەقینەوەکەی دەخەلیە کە بە گوێرەی ئامارەکان تا ئێستا ١٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩٦ کەسی دیکە برینداربوون، کۆمەڵی ئیخوان موسلیمینی بە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" دانا.
بەپێی ھەمان سەرچاوە، شەریف شەفیق گوتەبێژی ئەنجومەنی وەزیران و راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکوەزیران گوتوویەتی:" بەبلاوی ئەو بڕیارەی دوای دەرکەوتنی رووی راستەقینەی ئیخوان وەکو رێکخراوێکی خوێنرێژ، داوە. سەرۆکوەزیران، پێیوایە ئیخوان ئەو ھێرشانە وەک پیلانگێڕییەک رێکدەخات، بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان بۆ دەنگدانی راپرسیی دەستووری وڵات بە گەرمی نەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. بە دڵنیاییەوە ئەو پیلانانەی ئیخوان پووچەڵ دەکەینەوە."