سياسەت

مونا قه‌هوه‌چی: "سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ده‌نگدانی ئاشكرا هه‌ڵده‌بژێردرێت"

- سێ مه‌رج بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ دیاریكراوه‌ كه‌ خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كاندید ده‌كەن.

Hemn Baban  | 12.05.2019 - نوێکردنەوە : 13.05.2019
مونا قه‌هوه‌چی: "سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ده‌نگدانی ئاشكرا هه‌ڵده‌بژێردرێت"

Arbil

ھەولێر - AA

تا ئێستا جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ھیچ فراکسیۆن یان کەسایەتییەک راینەگەیاندووە کە خۆی بۆ پۆستی ھەرێمی کوردستان، کاندید دەکات.

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کردەوە کە لە کاتژمێر ١١:٠٠ی ئەمڕۆ ١٢ی ئایار تاوەکو ھەمان کاتژمێر لە رۆژی ١٥ی ئایار بەردەوام دەبێت.

بەپێی راگەیەندراوەکەی دەستەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان ئەو کەسەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێم کاندید دەکات، دەبێت ئەم مەرجانەی تیادا بێت:

- تەمەنی لە کاتی ھەڵبژاردندا لە ٤٠ ساڵ کەمتر نەبێت.

- ھاووڵاتی و نیشتەجێی کوردستان-عێراق بێت.

- لە ھەموو مافە مەدەنی و سیاسییەکانی بەھرەمەند بێت.

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان، مونا نەبی قەھوەچی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە باڵەخانەی پەرلەمان کە ئاژانسی ئانادۆڵوش رووماڵی دەکرد گوتی: "ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا بۆ ئەوەی دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بکاتەوە کە لە پەرلەمانەوە ھەڵدەبژێردرێت".

ئەو گوتیشی: "بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی چوارەمی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و شێوازی ھەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسەندکردنی دەستوور، دەرگای خۆپاڵاوتن ئەمڕۆ کرایەوە و چاوەڕوانین لە ئەمڕۆوە کاندیدەکان سی ڤی خۆیان پێشکەش بکەن و مەرجەکانیش دیاریکراوە".

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هەروەها گوتی: "دوای تەواوبوونی ئەو سێ رۆژە، ئیدی رێککارە یاساییەکان دەگرینە بەر و دوای دوو رۆژ کە دەدرێتە دادگای تەمییز بۆ تانەلێدانی ئەو کەسانەی کە ناویان لە لیستی ناوی کاندیداندا راناگەیەندرێت و دوای ئەوە بڕیاری دادگای تەمییز بڕیاری یەکلاییکەرەوە دەبێت".

مونا قەھوەچی ھەروەھا ئەوەشی راشیگەیاند کە ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێم بە دەنگدانی ئاشکرا دەبێت بەپێی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و گوتی:

"ئاواتەخوازین بەزووترین کات سی ڤی کاندیدەکان بگاتە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی بەزووترین کات ھەرێمی کوردستان ببێت بە خاوەن سەرۆک".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن