Zana Natık Kerem
30 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رەخنەی لە خۆپیشاندان و مانگرتنی لایەنگرانی رەوتی سەدر گرت و رایگەیاند "ئەو شۆڕشەی توندوتیژی تیایدا روویدا، ئەوە شۆڕش نییە".
موقتەدا سەدر لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئێستای عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "زۆر خەمبارم بەرامبەر ئەوەی کە ئێستا لە عێراق روودەدات و داوای لێبوردن لە گەلی عێراق دەکەم".
ئاماژەی بەوەیش دا، ئەوەی ئێستا روودەدات، تەنھا عێراق لێی زەرەرمەند دەبێت و گوتی: "ئێستا نیشتمان بووەتە دیلی گەندەڵی و توندوتیژی".
گوتشی: "ئومێدمان دەکرد، خۆپیشاندانەکان ئاشتییانە بوونایە و چەکی تیایاندا بەکارنەھێندرایە، چونکە ئەو شۆڕشەی توندوتیژی تیایدا روویدا، ئەوە شۆڕش نییە، رەخنە لە شۆڕشەکەی رەوتی سەدر دەگرم".
موقتەدا سەدر راشیگەیاند "سوپاسی ھێزە ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی دەکەم کە لەبەرامبەر رووداوەکانی ئێستا بێلایەن بوون، ھەروەھا سوپاسی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان دەکەم".
باسی لەوەش کرد کە رشتنی خوێنی عێراقییەکان حەرامە و داوای لە لایەنگرانی رەوتی سەدر کرد کە لە ماوەی یەک کاتژمێردا بکشێنەوە و گوتی: "وازھێنانم، شەرعییە نەک سیاسیی".
ھاوکات ھەر دوای ئەو گوتەیەی موقتەدا سەدر، لایەنگرانی رەوتی سەدر لە ناوچەی سەوز کشانەوە و رەوشەکە بەرەو ھێوربوونەوە دەچێت.
ھەر لەگەڵ کشانەوەی لایەنگرانی رەوتی سەدر لە ناوچەی سەوز، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆی لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق ھەڵوەشاندەوە.
دوێنێ دووشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٢، بەھۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان لایەنە ناکۆکەکانەوە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لەسەرتاسەری عێراق راگەیەندرا، ھەروەھا دەوامی فەرمی لەسەرجەم دامەزراوەکانی دەوڵەت کرا بە پشوو.
دوای ئەوەی دوێنێ سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر وازھێنانی یەکجاری خۆی لە کاری سیاسیی راگەیاند، لایەنگرانی رەوتی سەدر ھەڵیانکوتایە سەر کۆشکی کۆماریی و بارەگای ئەنجوومەنی وەزیران لە ناوچەی سەوز.
ھاوکات سەرچاوەیەکی پزیشکی رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە میانی پێکھەڵپڕژانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان لە بەغدا بوونەتە قوربانی، گەیشتووەتە ٣٠ی کوژراو و ٧٠٠ بریندار کە ١١٠یان کارمەندی ئەمنین.