Sarmand Hameed
23 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2022
هەولێر - AA
رێبهری رهوتی سهدر، موقتهدا سهدر، راگەیاندنی "هاوپهیمانی رزگارکردنی نیشتمان"ی بە دهستكهوتێكی بێوێنە و گرنگ بۆ رزگاركردنی نیشتمان لە قەڵەم دا و هیوای خواست پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی.
موقتەدا سەدر، دوای راگەیاندنی پێکهێنانی هاوپەیمانی سێقۆڵی لەنێوان رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رێبەری رەوتی سەدر نووسیوویەتی: "پیرۆزبایی لە گەلی عێراق دەکەم بەبۆنەی راگەیاندنی فراکسیۆنی زۆرینە و هەردوو کاندیدی سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران".
موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە: "ئەم هەنگاوەی بەدەستهاتووە، دەستکەوتێکی بێوێنە و گرنگە بۆ رزگارکردنی نیشتمان، هیوادارم پەلە بکرێت لە پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی بەبێ دواخستن و بێباکییەک".
رێبەری رەوتی سەدر هیوای خواستووە کە ئەو حکوومەتەی کە پێکدەهێنرێت لە ئاست خواست و داواکارییەکانی خەڵکدا بێت و ههڕهشهی ئهوهی كردووه کە ئهگهر نەهامەتییەكانی پێشوو دووباره ببنهوه، ئەوا دهستهوهستان نابێت و رایگەیاندووە "من تەنیا لەگەڵ گەلم بۆ ئەوەی خودا و ویژدانی خۆم رازی بکەم و دەستەبەرداری چاکسازیی و شکۆی نیشتمان نابم و سەرکەوتن لەلایەن خوداوەیە".
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، هاوپەیمانی سەروەریی سوننەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی سەدر پێکهێنانی "هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان"یان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند.
سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن عەزاری لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی، فازڵ میرانی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی و هاوپەیمانی سەروریی سوننەکان، خەمیس خەنجەر، پێکهێنانی "هاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان"ی رایگەیاند.
حەسەن عەزاری کە راگەیەندراوی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکەی خوێندەوە، رایگەیاند، رێبەر ئەحمەد کاندیدی هاوپەیمانییەکەیە بۆ پۆستی سەرکۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی.
حەسەن عەزاری گوتیشی، "بەڵین دەدەین بەردەوام دەبین لەسەر چاکسازیی و خزمەتکردنی گەل و نیشتمان بە بەرنامەیەکی روون و ئاشکرا".
ئەوەشی خستەڕوو، ریزەکانیان بەبێ هیچ هاوسۆزییەکی تائیفی یەکدەخەن و بەڕووی هێزە نیشتمانییەکانی دیکەشدا کراوە دەبن.
بڕیارە رۆژی شەممە ٢٦ی ئادار، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی وڵاتەکە بەڕێوەبچێت.
بەپێی نەریتێکی سیاسیی، لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ ەوە کە لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێت، پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.
هەریەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرکۆمار و بۆ ئەم مەبەستەش پارتی دیموکراتی کوردستان، رێبەر ئەحمەد و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەرهەم ساڵحی بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی کۆمار کاندید کردووە.
ئەگەر هەردوو حزب لەسەر کاندیدی هاوبەش رێکنەکەون، ئەوا چاوەڕێ دەکرێت هەمان سیناریۆی ساڵی ٢٠١٨ دووبارە ببێتەوە کاتێک پارتی و یەکێتیی بە کاندیدی جیا چوونە کێبڕکێی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە و کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرهەم ساڵح توانی دەنگی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بهێنێت و ببێت بە سەرکۆماری عێراق.
بەپێی ئەنجامەکانی ئەنجامە کۆتاییەکانی ھەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەمی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر بە بەدەستهێنانی ٧٣ کورسی بووەتە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنەکە، هاوپەیمانیی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەمەد حەلبووسی ٣٧ کورسی، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٣ کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی ٣١ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتی هاوسەرۆک، بافڵ جەلال تاڵەبانی ١٨ کورسی، هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری ١٧ کورسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر ١٤ کورسییان لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا.
هەریەک لە رەوتی سەدر، پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەریی کە لە هەردوو هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم پێکهاتووە، لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنەی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانیی هەیانبوو و لەسەر ئەم بنەمایەش دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردران کە کاندیدی هاوپەیمانیی سەروەریی محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر، حاکم زاملی بە جێگری یەکەم و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵبژێردران.