مهسرور بارزانی پێشوازیی له ژان ئیڤ لۆدریان كرد
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان ئیڤ لۆدریان کرد.
Arbil
ھەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ژان ئیڤ لۆدریان کرد.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوهی نێوان مەسرور بارزانی و ژان ئیڤ لۆدریان-دا گفتوگۆ دەربارەی دوا گۆڕانکارییەکانی عێراق و سووریا کراوه و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستووەته سەر پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و رایگهیاندووه: "ھەموو ئامادەییەکمان دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە گەڵ بەغدا و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پێشنیارمان خستووەتەڕوو، بۆیە ئومێدەوارین حکوومەتی فیدراڵیش ھەنگاوی زیاتر و جددیتر بھاوێژێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور".
ههر به پێی ههواڵهكه، لۆدریان پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ھەێمی کوردستان دەربڕیوه و رایگهیاندووه: "ھاتووم پشتگیریی فەرەنسا بۆ خەڵکی ھەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە کە لە شەڕی دژی داعشدا رۆڵێکی گەورەی گێڕا و قوربانییەکی زۆریان دا. من بەچاوی خۆم ئازایەتی و قارەمانێتیی پێشمەرگەم بینیوە".
لۆدریان جەختی لەوەشکردووەتهوە پێویستە ھەموو ھەوڵەکان چڕبکەنەوە لە پێناو رێگرییكردن لە دووبارە سەرھەڵدانەوەی داعش کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق خۆی رێکدەخاتەوە و ھەڕەشەیە بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە.
ھەروەھا لە ھەواڵەکەی ماڵپهڕی حکوومەتی ھەرێمدا ھاتووە، لە بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژھەڵاتی سووریاش، ھەردوولا نیگەرانی خۆیان لە گرژبوونی بارودۆخەکە و درووستبوونی توندوتیژیی دەربڕی کە بووەتە ھۆی ئاوارەبوونی زۆری خەڵک لەو ناوچانە و بەشێکێشیان روویان لە ھەرێمی کوردستان کردووە. جەخت لەوەشکرایەوە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ھاوکاریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکات لە یارمەتیدان و لە خۆگرتنی پەنابەر و ئاوارەکان.
لای خۆشییهوه سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردووهتهوه، کە لایهنگری وەستاندنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەرێکن کە لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی ناوچەکە بێت، و ھەر پێشھات و گۆڕانکارییەکیش رەتدەکەنەوە كه ببێتە ھۆی گۆڕینی دیمۆگرافی ناوچەکە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن