Zana Natık Kerem
06 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رایگەیاند كە ژمارەیەك بڕیاری تایبەت و گرنگیان بۆ پاڵپشتیكردن لە پارێزگای زیقار دەركردووە و ئاماژە بەوەیش دەكات كە ئەو پارێزگایە دووچاری پەراوێزخستن بووەتەوە.
مستەفا كازمی دوای سەردانەكەی بۆ پارێزگای زیقار باشووری عێراق تویتێكی بڵاوكردەوە و نووسیوویەتی "زیقار خاوەن پێگەیەكی گرنگە لە بواری مێژویی و رۆشنبیریی كە بەداخەوە بەرەوڕووی پەراوێزخستن بووەتە، دیداری باشمان لەو پارێزگایە ئەنجامدا، هەروەها ژمارەیەك بڕیاری تایبەت و گرنگمان بۆ پاڵپشتیكردن لە پارێزگای زیقار دەركردووە".
ئەوەشی نووسیووە "باشی و جوامێری دانیشتوانی زیقار قوتابخانەیەكە بۆ نەوەكانی داهاتوو، سڵاو لە زیقار و دانیشتوانەكەی".
دوێنێ دووشەممە سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی سەردانی پارێزگای زیقار كرد كە لە میانیدا كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزیران لەو پارێزگایە سازكرا.