Hamit Hüseyin
18 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2016
ئەندامانی کۆمسیۆنی نەوت و گازی لە پەرلەمانی عێراق سەردانی پاڵاوگەکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
لە کۆنگرەی رۆژنامەنووسیدا بەڕێوەبەری کۆمپانیای کار شێخ باز بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: "لە ھەولێر دوو پاڵاوگەوی سەرەکی ھەیە یەکەم بە ناوی پاڵاوگەی ھەولێر بە تاقەی ١٠٠ھەزار بەرمیل و دووەم پاڵاوگەی مووسڵ بە تاقەی ٦٠ ھەزار بەرمیل، ئەو شاندە بۆ ئەوە ھاتوون کە ئەوان لە نزیکەوە ئاگاداری کار و چالاکییەکانی ئێمە بن و ئامانج ئەوەیە کە بە ھەماھەنگی ژێرخانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دروست بکەین".
ھەروەھا لەو کۆنگرەیە سەرۆکی کۆمسیۆنی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق گوتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە سەردانی ئەو پاڵاوگەیانە بکەین و لە نزیکەوە ئاگاداری کار و چالاکیی و گرفتەکانی ئەوان بین و ئەوە ئەرکی ئێمە ھەروەھا زیاترزانیاری وەربگرین و پەرە بەو کەرتە بدەین".
ھەروەھا گوتی: "لە سلێمانی پاڵاوگەی بازیان و لە ھەولێریش پاڵاوگەی ھەولێر زۆر گرنگن بە ھۆی ئەوەی کە پێداویستییەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان دابین دەکەن و ھەروەھا لەو پاڵاوگەیە بە دەیان پسپۆڕی بواری نەوت و گاز تێدا پەروەردە دەبن".
ھەروەھا ئەندامی پەرلەمانی عێراق تارق گەردی گوتی: "ئێمە لە گەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر کۆبووینەووە ولە نزیکەوە پلانی ئەو سەردانەمان باس کردووە. ئامانجمان ئەوەیە کە لە نزیکەوە ئاستی بەرھەمی ئەوان بزانین و ھەروەھا ئەو کێشانەی کە بۆیان دێتە پێش چین چارەسەری بکەین".
ھەروەھا گوتی: "ھەرێمی کوردستان رۆژانە ١٢٠ بۆ ١٧٠ ھەزار بەرمیل و ئەویش بە پێی ئاستی بەرهەمهێنان رادەستی بەغدا دەکات و نەوتی کەرکووک لە رێی بوڕییەکانی ھەرێمی کوردستان رەوانەی بەندەری جیھان دەکرێت و بە نیازین لە ساڵی ٢٠١٧ رۆژانە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل رادەستی حکوومەتی عێراق بکەین و ھەروەھا عێراقیش پابەندی رێککەوتن بێت".