سلێمانى - AA
گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى ئانادۆڵو باس له دواگۆڕانكارى و پێشهاتەکانى پرۆسەی یهكگرتنەوەى لایه‌نه ئیسلامییه‌كان و پرسی گه‌رمى رۆژ كه پرسى ریفراندۆمه دەکات هەروەها هه‌ڵوێستى خۆیان وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه ئاشكرا ده‌كات.
گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان، كامیل مه‌حمود رایگه‌یاند "ئێمه هه‌رسێ لایه‌نى ئیسلامى به به‌شدارى رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى و دواى ساڵێك له گفتوگۆ و راوێژ كۆبوونه‌وه‌ى دووقۆڵى و سێقۆڵى، ده‌سته‌ى كارى هاوبه‌شمان پێكهێنا كه وه‌ك سه‌ركردایه‌تیه‌كى هاوبه‌ش وایه و كارنامهیهكمان بۆ خۆمان په‌سه‌ند كردووه ئه‌وه‌ش له كۆبوونه‌وه‌كه‌ى چه‌ند رۆژى رابردوودا بوو كه هه‌رسێ لایه‌نى ئیسلامى له ئه‌نجوومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان كۆبووینه‌وه بڕیامان له‌سه‌ر دا، به پێى ئه‌و كارنامهیهش هه‌ر دوو مانگ جارێك ئه‌و ده‌سته‌یه كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجام ده‌دات بۆ تاوتوێ كردنى دۆخى سیاسى هه‌رێمى كوردستان و بابه‌ته‌كانى رۆژ و، دروستكردنى هه‌ماهه‌نگى زیاتر بۆ كارى پێویست و، كارى هاوبه‌ش له نێوان لایه‌نه‌كاندا به تایبه‌ت له بواره‌كانى بانگه‌واز و په‌روه‌رده و كارى رێكخراوه‌كان و كارى مه‌ڵبه‌ند و ناوچه‌كانمان".
گوتیشى: "هه‌موو ئه‌و كارانه كه له نێوان هه‌ر سێ لایه‌نه‌كان ده‌كرێت ده‌توانین بڵێن زه‌مینه سازیهكه بۆ ئه‌وه‌ى را و بۆچوونه‌كانمان زۆر لێک نزیك بكه‌ینه‌وه تاوه‌كو حزبێك یاخود هاوپهیمانهتییەك یان به‌ره‌یه‌ك دروست بكه‌ین، بۆیه سه‌رجه‌م كۆبوونه‌وه‌كانمان به‌و ئاراسته‌یه‌دا ده‌ڕوات كه پێمان وایه كۆبوونه‌وه‌ى زه‌مینه سازییه بۆ لێكنزیكى و هه‌ڵكشان به‌ره‌و یه‌كگرتنێكى ته‌واو، به‌ڵام له ئێستادا كۆمه‌ڵێك راوبۆچوونى جیاواز به تایبه‌ت راوبۆچوونى سیاسى له نێوانماندا هه‌یه كه ئه‌وه‌ش بابه‌تێكه په‌یوه‌یسته به دۆخى سیاسى ئێستاى هه‌رێمى كوردستانه‌وه، چونكه دوخى سیاسى هه‌رێمى كوردستان هێنده ئاڵۆزه راوبۆچوونى جیاوازى له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه له نێویشیاندا لایه‌نه ئیسلامیه‌كانیش له‌و رابۆچوونه جیاوازه به‌ده‌رنین".
گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌شكرد، "ئێمه وه‌كو بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى خوێندنه‌وه‌ى تایبه‌تى خۆمان بۆ كارى سیاسى و ئیسلامى كردووه له كۆمه‌ڵگاكه‌دا بۆیه پێمان وایه له ئێستادا سێ لایه‌نى ئیسلامى له كوردستان كارى سیاسى رێكخراوه‌یى ده‌كه‌ن كه هه‌رسێكیان به یه‌ك میكانیزم و به یه‌ك شێواز و یه‌ك مۆدێل كارده‌كه‌ن بۆیه كه‌مترین پاساو ماوه‌ته‌وه كه به‌جیا كرا بكه‌ن، بۆیه ئێمه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه و له یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌دا ئه‌وه‌مان باس كردووه كه ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌موو كارێكى هاوبه‌ش و فۆڕمێكى نوێداین له دروستكردنى لیستێك یاخود هاوپهیمانهتییهك تاوه‌كو ده‌گاته ئه‌وه‌ى هه‌ر سێ حزب هه‌ڵبوه‌شێنینه‌وه حزبێكى سیاسى نوێ دروست بكه‌ین له هه‌رێمى كوردستان".
كامیل مه‌حموود له‌باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى چه‌ند رۆژى رابردووى هه‌رسێ لایه‌نى ئیسلامى گوتى: "كۆبوونه‌وه‌كه‌مان له باره‌گاى ئه‌نجوومه‌نى سیاسى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان بوو و كاتێكى زۆریشى خایاند، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنى راسپارده‌كان و پێشنیازه‌كانى ئه‌و دیداره‌ى ئیسلامییه‌كان بوو کە له شارى سلێمانى له 15نیسانی ئه‌مساڵ به‌رێوه‌چوو هه‌روه‌ها به‌شێكى ئه‌و پێشنیاز و راسپاردانهمان له‌ناو نه‌خشه رێگاكه‌ى خۆماندا جێگه كردووته‌وه، هه‌روه‌ها به‌شێكى تر‌ى كۆبوونه‌وه‌كه قسه و باسكردن بوو له‌باره‌ى دۆخى سیاسى هه‌رێمى كوردستان كه ئێمه هه‌رسێ لایه‌نى ئیسلامى تێڕوانینمان یه‌ك تێڕوانینه واته هه‌موومان یه‌ك راین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌وا له هه‌رێمى كوردستان سته‌مكارى هه‌یه گه‌نده‌ڵى هه‌یه و ناشه‌فافیه‌ت هه‌یه خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان له نه‌هامه‌تیه‌كى داراییدا ده‌ژین و چه‌ندین قه‌یران بوونیان هه‌یه، بۆیه له‌م خاڵانه‌دا هاوڕاین و یه‌ك خوێندنه‌وه‌مان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر لایه‌نێك میكانزمى خۆی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و گرفتانه‌ى كه له هه‌رێمى كوردستاندا هه‌ن، هه‌روه‌ها ئێمه وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان پێمان وایه به‌شدارى له هه‌موو دانیشتینێك بۆ چارسه‌رى گرفته‌كان پێویسته و ده‌بێت به‌شداربین".
ناوبراو ئه‌وەشى گوت "دواجار له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا و دواى گفتوگۆیه‌كى زۆر له‌باره‌ى بارودۆخه‌كه هه‌رسێ لایه‌ن گه‌شتین به‌وه‌ى كه دۆخى سیاسى هه‌رێمى كوردستان هێنده ئاڵۆزه و پێویستى به‌وه هەیه كه خوێندنه‌وه‌ى جیاواز هه‌ڵبگرێت بۆیه ئێمه وه‌كو ئیسلامییه‌كان بڕیارماندا كه گومانى خراپ به هیچ لایه‌نێكى دیكه‌ى ئیسلامى نه‌به‌ین و هه‌ركه‌سێكیش ئازاده و پێویسته رێز له راوبۆچوونى ئه‌و كه‌سانه بگیرێت ".
گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان، كامیل مه‌حمود گوتى: "ئێمه له رووى سیاسیه‌وه راوبۆچوونى جیاوازمان هه‌یه و له رووى گرفتهكانیشهوه هه‌ر سێ لایه‌نى ئیسلامى په‌نجه‌مان خستوه‌ته‌سه‌ر گرفته‌كان، به‌ڵام له رووى هه‌نگاوه‌كانى چاره‌سه‌ردا ئێمه وه‌ك دوولایه‌نى ئیسلامى (یه‌كگرتوو و بزووتنه‌وه) پێمان وایه له ئێستادا ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێت باشتره، به‌ڵام لایه‌نێكى ئیسلامى پێى وایه كه ریفراندۆم له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌ماندا ئه‌نجام بدرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرنگه ئه‌وه‌یه كه هه‌رسێ لایه‌ن ئه‌وه ده‌زانین كه له هه‌رێمى كوردستان چه‌نده‌ها كێشه و گیروگرفت بوونى هه‌یه ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێت".
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى كه گوایه كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان یه‌ك لیستى لایه‌نە ئیسلامییه‌كانى ره‌ت كردووه‌ته‌وه، گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان گوتی: "گرفت له دروستكردنى لیستێكى هاوبه‌ش بۆ ئیسلامییه‌كان راوبۆچوونى جیاوازى سیاسییه، كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان هه‌ندێك خوێندنه‌وه و بۆچوونى جیاوازى هه‌یه له باره‌ى دروستكردنى لیستى هاوبه‌ش، بۆیه هه‌ڵبژاردنیش په‌یوه‌سته به سیاسه‌ته‌وه ململانێیه‌كى سیاسیه پێویستى به به‌رنامه‌ى سیاسى هه‌یه بۆیه كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان پێیان وایه كه هه‌تاوه‌كو روانگه سیاسیه‌كانمان یه‌ك نه‌خه‌ین ناتوانین لیستى هاوبه‌ش یه‌ك بخه‌ین، به‌ڵام ئێمه له دوایین كۆبوونه‌وه‌دا جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه نه‌كرده‌وه چونكه تاوه‌كو ئێستا كاتى هه‌ڵبژادرن دیار نییه كه ئایا ئه‌نجام ده‌درێت یاخود نا".
له‌باره‌ى به‌رنامه‌و پلانى لایه‌نه ئیسلامییه‌كان بۆ داهاتوو، ناوبراو ده‌ڵێت "بڕیارمانداوه كه ده‌سته‌ى باڵاى كارى هاوبه‌ش بۆ له‌مه‌ودوا نه‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رى ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ى كه هه‌ندێك له‌و كه‌سانه‌ى كه له خواره‌وه كه له‌ناو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و سۆشیال میدیا ده‌یكه‌ن تاوه‌كو كاره‌كانى ئێمه رانه‌گرێت و دواى نه‌خات، هه‌روه‌ها بڕیارمانداوه بۆ داهاتوو له بوارى په‌روه‌رده و كارى بانگه‌وازى به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌ماهه‌نگ بین و پێكه‌وه كاره‌كانمان ئه‌نجام بده‌ین، و بڕیارمانداوه كه مهڵبهندهكانمان هه‌ماهه‌نگى و كۆبوونه‌وه له نێوانیاندا هه‌بێت، هه‌روه‌ها بڕیارمان داوه كه لایه‌نه‌كان و سه‌ركرده‌كانیان هه‌موو هۆشیارییه‌ك بده‌ن به لایه‌نگره‌كانیان، بۆ ئه‌وه‌ى كه جۆرێك له ته‌بایى بوونى هه‌بێت و یاخود زه‌مینه بسازێت بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تى ده‌ربێت بۆ هه‌نگاوه‌كانى داهاتوو".
له كۆتایی گوته‌كانیدا گوته‌بێژى بزووتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان، كامیل مه‌حموود گوتى: "ئێمه له‌سه‌ر بارودۆخى سیاسى هه‌رێمى كوردستان له چه‌ند مانگى رابردوودا سه‌ردانى سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسیه‌كانمان كردووه به تایبه‌تى ئه‌و چوار هێزه‌ى كه حكوومه‌تیان پێكهێناوه و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ حزبه‌كانى ده‌ره‌وه‌شدا قسه‌ى خۆمانمان كردووه، و بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان پێویسته، هه‌نگاوى یه‌كه‌م: چاككردنى ژیان و گوزه‌رانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و مووچه‌كانیان پێ بدرێت چونكه كاریگه‌رى خراپى كردووه‌ته سه‌ر بارودۆخى هه‌رێمى كوردستان، هه‌نگاوى دووه‌م: به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى دام و ده‌زگا فه‌رمییه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌رووى هه‌موویانه‌وه په‌رله‌مان كارابكرێته‌وه، ئه‌و به‌سته‌ڵه‌كه سیاسیه‌ی كه له نێوان لایه‌نه‌كاندا هه‌یه بتوێندرێته‌وه".
news_share_descriptionsubscription_contact

