Heman Hussein Yaseen
13 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر - AA
لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان بە سەربەرپشتی وەزیری ناوخۆ رێبەر ئەحمەد و، بە ئامادەبوونی گوتهبێژی حكوومهتی ههرێمی كوردستان جوتیار عادل، وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێم، سامان بەرزنجی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژنەوەی زانستیی ئارام قادر، وەزیری پەروەردەی ھەرێمی کوردستان ئالان حەمە سەعید و ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر بە وەکالەت، ھێمن قادر، پارێزگای سلێمانی ھەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگای دھۆک عەلی تەتەر و پارێزگای ھەڵەبجە ئازاد تۆفیق کۆبوونەوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە ھەرێمی کوردستان پێکھێنرا کە نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستی، پارێزگارەکان و چەند وەزارەت و فەرمانگەیەکی دیکەی تێدایە و مانگانە کۆبوونەتەوە و بڕیاری پێویستییان لەبارەت رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە داوە و ئەمڕۆش بۆ ھەمان مەبەست کۆبوونەتەوە.
دوای کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیھان و ھەرێمی کوردستان و سەرھەڵدانەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکەی کۆرۆنا، رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداری دا لەوەی ئەم ڤایرۆسە گۆڕاوە خێراتر بڵاودەبێتەوە و چەند رێکارێکی دیکەی تازەش گیراونەتەبەر.
کۆرۆنای گۆڕاو یەکەمجار لە وڵاتی بەریتانیا لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو راگەیێندرا، بەپێی ئەو توێژینەوانەی لەسەر ڤایرۆسەکە کراون، جیاوازی لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا تەنیا ئەوەیە کە بە رێژەی سەدا ٧٠ خێراتر بڵاودەبێتەوە و ھەر بەم ھۆیەوە وڵاتی بەریتانیا قەدەغەی ھاتوچۆی تا ناوەڕاستی مانگی داھاتوو راگەیاندووە.
ھاوکات دوا بەدوای ئەمەش، ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێوشوێنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسە تازەکە بە تایبەت لە فڕۆکەخانە و دەروازە سنوورییەکان گرتەبەر.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی ھەرێمی کوردستان کۆی تووشبووان لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٤ ھەزار و ٧٧٤ کەس و لەو ژمارەیەش سێ ھەزار و ٤٢٧ کەس گیانییان لەدەستداوە.