ھەولێر - شوان سدیق
بەرپرسی لقی ٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان (عەلی حسێن) کاتژمێر ١:٤٥ خولەک بە (ئانادۆڵو)ی راگەیاند "دەنگدان بەباشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام یەکێک لە کێشەکان مۆری ئەلکترۆنیە ئەوەش بۆتە ھۆی قەرەباڵغی و دواکەوتنی دەنگدان".
وتیشی "کێشەی تەکنیکی تر ئەوەیە ھەندێ کەس لەدەرەوە، ناوی نیە کەچی لە ژوورەوە ناویان ھەیە".
ھێمن ئەنوەر بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لە ھەولێر بە(ئانادۆڵو)ی وت "تێبینیمان لەسەر ھەندێ حزبی سیاسی ھەیە بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەنزیک بنکەکانی ھەڵبژاردن کارتی کاندیدەکانیان دابەشکردوە".
وتیشی "تێبینی ترمان لەسەر ھەندێ لە فەرمانبەرانی ناو بنکەکانە، رێگریان لە چاودێرانی ئێمەکردوە، ئەمەش دەبێتە ھۆی پاکڕانەگرتنی پرۆسەکە".
بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی گۆران ئەوەشی وت "ھێزەکانی ئاسایش بە بەرچاوی پۆلیس و فەرمانبەرانی کۆمسیۆن بە چەکەوە ھاتووچۆی ناو بنکەکانی دەنگدان دەکەن و چاو لە ھاوڵاتیان سور دەکەنەوە".
عەلی حسێن بەرپرسی لقی ٢ی پارتی دەڵێ "لایەنە سیاسیەکانیش ھەر خروقاتێکیان ھەبوبێت، کۆمیسیۆن تۆماری کردوە".
حسێن وتیشی "ئیحتیمالە کەمترین خروقاتی ھی پارتی بن، خەڵکێکی تر کردبێتیان بەڵام من قسە لەسەر ئەوە ناکەم چونکە ھەمووی بە بەڵگە دراونەتە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان.
لە کوردستان تۆڕێکی ھاوپەیمانێتی ناوخۆیی بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان پێکدەھێنرێت، کە سێ رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنین (تۆڕی نەوەی ئاشتی( رێکخراوی (گەشەپێدانی مەدەنیەت) دەزگای (SMART بۆ کاری میدیایی و پێشخستنی یاسا) ٦٢٨ چاودێریان.
ئەو تۆڕە تا پێش نیوەڕۆی رۆژی دەنگدانی گشتی (١٢) تێبینی و سەرنجیان لەسەر پرۆسەی دەنگدان لە ھەولێر خستۆتەڕوو لەناو سەرنجەکان زیاتر لەکارکەوتنی ئامێری پەنجە مۆرە.
ھەروەھا لە چەند بنکەیەک دەنگدەر ناوی لە لیستدا نەبووە دەنگی داوە، لە قەزای شەقڵاوەش, لایەنە سیاسییەکان منداڵیان بەکارھێناوە بۆ بانگەشەکردنی ھەڵبژاردن، بە جۆرێک جل و بەرگی بانگەشەی ھەڵبژاردیان لەبەر کراوە وەک (تیشێرت و کڵاو).
لە پارێزگای ھەولێر و دەوروبەری زیاتر لە ٩٩١ ھەزار کەس مافی دەنگدانیان ھەیە بەوتەی کۆمسیۆنی بالای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، رێژەی بەشداریکردنی ھاولاتیان لە دەنگدانی ئەمرۆ شەممە تا دوا نیوەرۆ گەیشتۆتە %٤٨ چاوەروان دەکرێت رێژەکە بەرزتر ببێتەوە.
کاتژمێر ١١:٣٠ ھەندرێن محەمەد سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بە (ئانادۆڵو)ی گوت "تائێستا لە ھەولێر دەنگدان بەباشی بەرێوە دەچێ و ھیچ پێشێلکاریەک رووی نەداوە لای ئێمە تۆمار کرابێ"..