لە كۆنفرانسی "رۆڵی میانڕەوی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوەی لەگەڵ دەستەبەركردنی ئاشتی و سەقامگیری نێودەوڵەتی"دا كە لە ئوردن بەڕیوەچوو، داوا كرا نەتەوە یەكگرتووەكان یاسایەك دەر بكات كە ئەو سوكایەتیانەی بەرامبەر ئاین، پێغەمبەران و كتێبە پیرۆزەكان دەكرێن بە تاوان ئەژمار بكات.
كۆنفرانسەكە، لە عەمەانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو و ماوەی 2 رۆژ بەردەوام بوو، لە كۆتایی كۆنفرانسەكەشدا بەیاننامەیەك دەركرا و تیایدا داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان كرا یاسایەك دەربكات بۆ ئەوەی ئەو سوكایەتیانەی بەرامبەر ئاین، پێغەمبەران و كتێبە پیرۆزەكان دەكرێن بە تاوان ئەژمار بكرێن، چونكە ئەو یاسایە هاوكار دەبێت لە كۆتایی هێنان بە توندوتیژی و هەروەها پەیوەندی نێوان خەڵكیش بەرەوپێش دەبات.
لە بەیاننامەكەدا جەخت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆركراوە و هاتووە: "تیرۆر، توندوتیژی و رادیكاڵیزم، پەیوەست كردنیان بە هەر دینێكەوە، یارمەتیدەر دەبێت بۆ تیرۆریستان تا بگەن بە ئامانجەكانیان.
هاوكات لە بەیاننامەكەدا باس لە هێرشەكانی ئیسرائیل كراوە بۆ سەر فەلەستین و دەڵێت: "ئیدانەی پەلامارە تیرۆریستیەكانی داگیركەرانی جوولەكە دەكەین لە خاكی فەلەستیندا، بەتایبەتی لە قودس. ئەو پەلامارانە فەلەستینە موسوڵمان و مەسیحیەكان و كڵێسا و مزگەوتەكانی كردۆتە ئامانج بەتایبەتیش مزگەوتی ئەقسا.
لەو رووەشەوە داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كراوە هەڵویست وەربگرن بۆ كۆتایی هێنان بە هێرش و پەلامارەكانی ئیسرائیل لە فەلەستین و بەرپرسیاریەتی بردنە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی تاوانبارانی ئەو تاوانانەش بگرنە ئەستۆ.
لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا نیگەرانی بەرامبەر زیادبوونی ئەو ستەم و زۆرداریانە خراوەتەڕوو كە بەرامبەر موسڵمانان دەكرێت و دەڵێت: "ئەو بارودۆخە رێگە لەبەردەم بەرزبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا دەكاتەوە، كە ئەوەش پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤە".
هاوكات لە بەیاننامەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە ئاینی ئیسلام، ئاینیكی ئاسمانی گەردوونیە و لەسەر بنەمای ئاشتی، دادپەروەری، لێبووردەیی و بەزەیی دامەزراوە، داواش لە دەزگاكانی راگەیەندن كراوە رووی راستەقینەی ئیسلام نیشان بدەن و خۆیان بەدوور بگرن لە تاریككردن و كردەی بە ئەنقەست.
كۆنفرانسەكە كە دوو رۆژ پێش ئێستا لە عەممانی پایتەختی ئوردن دەستی پێكرد، تیایدا نوێنەرانی یەكێتی زانایانی موسوڵمان، رێكخراوی هاریكاری ئیسلامی، كۆمكاری عەرەبی، تونس، جەزائیر، ئێران، قەتەر، مەغریب، سووریا، هیندستان، سوودان، عێراق، نێجیریا، لیبیا، لوبنان و مالیزیا بەشداریان كرد.