Zana Natık Kerem
14 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
ریاز ــ AA
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعوود لە نووسینگەی خۆی لە كۆشكی یەیامە لە شاری ریازی پایتەخت پێشوازی پاتریاركی مارۆنی لوبنان، مار بشارە بوترس راعی كرد و كۆبوونەوە.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا، پەیوەندیی برایەتی نێوان سعوودیە و لوبنان تاوتوێ كرا هەروەها جەخت كرایەوە لەسەر گرنگی رۆڵی ئایینەكان لە پتەوتركردنی لێبوردەیی و بنبڕكردنی توندڕەویی و تیرۆر لەگەڵ بەدیهێنانی ئاسایش و ئاشتی بۆ گەلاتی ناوچەكە و جیهان.
دوێنێ دووشەممە پاتریاركی مارۆنی لوبنان، مار بشارە بوترس راعی گەیشتە سعوودیە كە بە یەكەم سەردانی پاتریاركی مارۆنی بۆ ئەو وڵاتە دادەنرێت.
هاوكات ئاژانسی هەواڵیی فەرمی لوبنان بڵاوی كردەوە كە هەر ئەمڕۆ لە میانی سەردانەكەی بۆ ریاز، پاتریاركی مارۆنی لوبنان، مار بشارە بوترس راعی لەگەڵ جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز ئالسعوود كۆدەبێتەوە، هەروەها چاوی بە سەرۆكوەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی لوبنان، سەعد حەریری كە هێشتا لە ریازە دەكەوێت و دواتر بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكانی كڵێسا بەرەو رۆما بەرێدەكەوێت.