Zeynep Hilal Karyağdı
01 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2020
بەیروت-AA
سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون بەبۆنەی ٧٥مین ساڵیادی دامەزرانی سوپای وڵاتەکەیەوە لێدوانی بۆ کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی دا.
عەون باسی لە پەلامارەکانی ئەم دواییەی ئیسڕائیل کرد و رایگەیاند: "ئیسڕائیل، بەردەوامە لە پێشێل کردنی بڕیاری ژمارە ١٧٠١ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە پابەند بووین بە بڕیارەکەوە و رێزمان لە چارەسەر کردنی کێشەکان لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان گرتووە".
سەرکۆماری لوبنان ئەوەشی دووپاتکردەوە کە بەرگری لە خاک و سەروەری وڵاتەکەیان دەکەن و هیچ سازشێک لەسەر ئەو بابەتە ناکەن.
ناوبراو باسی لەو قەیرانە ئابوورییەش کرد کە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتوە و گوتی: "ئەو شەڕەی ئەمڕۆ لوبنان-ی تێکەوتووە زۆر لە شەڕی سەربازی سەختترە چونکە ئەم شەڕە کاریگەری لەسەر نان و بژێوی لوبنانییەکان هەیە و هەڕەشە لە ئایندەی روڵەکانی وڵاتەکەمان دەکات".
عەون ئەوەشی ئاشکرا کرد لەم شەڕەدا دوژمنانی لوبنان زیادیان کردووە و لە پێش هەمووشیانەوە گەندەڵکاران دێن کە بریتین لەو کەسانەی بۆ قازانجی خۆیان نانی هاووڵاتییان قۆرغ دەکەن، ئەوانەشی یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی دراوی نیشتیمانی بەرامبەر دۆلار بەهای خۆی لەدەست بدات یاخود هەواڵ و پڕوپاگەندەی نائومێدکەر بڵاو دەکەنەوە.
- گرژییەکانی سەر سنووری نێوان لوبنان- ئیسڕائیل
جێی وەبیرهێنانەوەیە یاسای ١٧٠١ی ئەنجوومەنی ئاسایش لە مانگی ئابی ٢٠١٦دا دەرکراوە و تایبەتە بە کۆتایی هێنان بە تەواوی پێکدادانەکانی سەر سنووری لوبنان.
بەڵام سوپای ئیسڕائیل لە ٢٧ی تەمووزدا بە بەهانەی پاراستنی سنوورەکانییەوە چەند ئامانجێکی لە ناوچەی کەفەرشوبا بۆردومان کرد.
لەبەرامبەردا حکوومەتی بەیروت بڕیاریدا بەهۆی ئەو هێرشانەوە سکاڵاکەی لەدژی سوپای ئیسڕائیل بگەیەنێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.