Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 18 تەمووز 2017
سلێمانی - AA
ئەمڕۆ ژمارەیەك لە كوردانی فەیلی نیشتەجێی شاری بەغدا سەردانی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراقیان كرد و یاداشتێكیان ئاراستەی پەرلەمان كرد. لە یاداشتەكەدا باس لە دۆخی كوردانی فەیلی و ئەو هەڕەشە و گوشارانە كراوە كە لە دوای راگەیاندنی وادەی ئەنجامدانی گشتپرسی هەرێمی كوردستانەوە لە لایەن میلیشیا شیعەكانەوە لە شاری بەغدا لێیان دەكرێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا و دوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەشێك لە پەرلەمانتارەكان، نوێنەرێكی كوردە فەیلیەكان، ئەسرا فەیلی گوتی: "ئەمڕۆ پەنامان بۆ لای پەرلەمانتاران هێنا تاوەكو بتوانن یاسایەك دەركەن و ئەو هەڕەشانەی لە كوردە فەیلییەكان لە شاری بەغدا و شارەكانی تر دەكرێت رابگیرێت و لە مەترسی دوورمان بخەنەوە".
ئەو گوتی: "دوای ئەوەی لە هەرێمی كوردستان وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم راگەیەنرا، كوردە فەیلییەكان روبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بوونەتەوە و تائێستا سێ كەسمان بەو هۆیەوە كوژراون، بۆیە یاداشتێكی ناڕەزایمان هێناوە و رادەستی پەرلەمانتارانی كوردمان كردووە تاوەكو بیدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و هەوڵی راگرتنی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە بدەن"
ئەو نوێنەرەی كوردە فەیلییەكان ئاماژەی كرد بەوەی، هەڕەشەكان لە رێگەی نامە و بە شێوەی راستەوخۆش دەگاتە دەستیان و هەڕەشەی كوشتن و دەركردنیان لە بەغدا لێدەكرێت و لە ماوەی ئەو چەند رۆژەشدا سێ كەسیان لێكوژراوە.
بە گوتەی ئەوان هەڕەشەكان لە لایەن میلیشیا شیعەكان بە تایبەتی كەتائیبی ئەهلی حەق و بەشێك لە بەرپرسە شیعەكانی ترەوە دەكرێت.
لە لای خۆیەوە جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بەختیار شاوەیس گوتی: "لە دوای پرسی ریفراندۆمەوە هەڕەشە و گوڕەشەی سەر فەیلییەكان لە بەغدا دەستی پێكردووە و حاڵەتی نەخوازراو لە بەغدا هەیە، هەفتەی رابردوو لەناو پەرلەمان و دەرەوەی پەرلەمان دەستمان بە جموجۆڵ كردووە و لەگەڵ لایەنە بەرپرسەكان كۆبووینەوە و پێمان گوتن ئەو بابەتە جێگای قبوڵكردن نییە".
پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان، مەحمود رەزا لە كۆنگرەكەدا گوتی: "لە بەغدا و پارێزگاكانی تری عێراق ژمارەیەكی زۆری كوردی فەیلی هەیە و بە سەدان هەزار خێزان هەژمار دەكرێن و ئەو كەسانە هەڕەشەیان لەسەرە، ئێستاش ژوورێكی عەمەلیات دروستكراوە و كار لەسەر هەڕەشە و مەترسییەكانیان دەكەین، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەرپرسانی باڵای شیعەكان قسەكراوە و داوا كراوە ئەو هەڕەشانە هەڵبگیرێت".