Zana Natık Kerem
02 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2018
دۆحە ــ AA
قەتەر راگەیاند كە بڕیارەكەی پارتی راستراوی لیكۆدی ئیسرائیلی دەسەڵاتدار لە بارەی سەپاندنی سەروەری ئیسرائیل بەسەر جوولەكەنشینەكانی كەناری رۆژئاوا لەوانەش قودس رەت دەكاتەوە.
لە روونكردنەوەیەكدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ئەو بڕیارەی پارتی لیكۆد بە هێرشكردنە سەر مافەكانی گەلی فەڵەستین ناوزەند كردووە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئاماژەی بەوەشداوە، لە كاتی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، هەوڵەكانی نێودەوڵەتی كە پشت بە یاسا نێودەوڵەتی و دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبی بە ئامانجی چارەسەریی دوو دەوڵەتی خراونەتەگەڕ، لەناو دەبات.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە كە لەبەرمبەر ئەو بڕیارە بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ، هەروەها ئیسرائیلیش ناچار بكەن رێز لە بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەكان بگرێت.
جارێكی دیكە وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دووپاتی كردووەتەوە، وڵاتەكەی پشتیوانی لە ماف و پرسی گەلی فەڵەستین دەكات كە پشتی بەستووە بە بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییەكان، هەروەها چارەسەری دوو دەوڵەتی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەری كۆكە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەڵەستین لەچوارچێوەی سنووری ١٩٦٧ كە پایتەختەكەی قودسی رۆژهەڵاتە.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو، لیژنەی ناوەندی پارتی لیكۆد كە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو سەرۆكایەتی دەكات، پڕۆژە یاسایەكی پەسەند كرد كە پاڵپشتی لە جێبەجێكردنی سەروەری ئیسرائیل لە سەرجەم جوولەكەنشینەكان لە كەناری رۆژئاوا دەكات لەوانەش قودس.