Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان، دكتۆر عەلی قەرەداغی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی ئەو بانگەشەیەی باس لە خواستی ئەمریكا دەكات بۆ ئەوەی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل بناسێنێت، هەڵوێستی رێكخراوەكەیی و كاردانەوەی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بەرامبەر ئەو هەنگاوە، هەروەها پشتیوانی و هەڵوێستەكانی توركیا لە پێش هەموو وڵاتانی ترەوە بۆ قودس دەكات.
دكتۆر عەلی قەرەداغی گوتی: "هەڵوێستی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان زۆر روون و ئاشكرایە بە وەستانی لەگەڵ هەموو پرس و بابەت و كێشەكانی وڵاتانی ئیسلامی بەتایبەت پرسی یەكەممان كە پرسی قودسە، بۆ ئەو مەبەستە پێش دوو رۆژ پەیامێكمان ئاراستەی سەركردەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو كە بەئەركی ئایینی و مێژوویی خۆیان هەستن بەرامبەر قودس و ناكۆكی و دووبەرەكییەكانیان بخەنە لاوە و قودس بكەنە خەم و پرسی یەكەمی خۆیان و پشتیوانی بكەن".
قەرەداغی ئاماژەی كرد بەوەی ئەمڕۆ رێكخراوەكەی بەیاننامەیەكی تایبەتی لەو بارەیەوە دەبێت.
ئەو هەروەها گوتی: "ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا هەنگاوی بۆ دەنێت بە داننانی بە قودس وەك پایتەختی دەوڵەتی داگیركار (ئیسرائیل)، ئەو هەنگاوە بە تێڕوانین و بڕوای ئێمە و هەموو موسڵمانان دەستدرێژییەكی ئاشكرایە لەسەر هەموو موسڵمانان كە ژمارەیان دەگاتە یەك ملیار و 700 ملیۆن كەس لە جیهاندا و برینداركردنی هەستی ئەوانە، هەروەها دەرچوونە لە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان و بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كە قودس وەك خاكێكی داگیركراو سەیر دەكات بە تایبەت بڕیاری 424، هەروەها ئەو بڕیارانەش كە لە رێكخراوی یونیسكۆ دەرچوون قودس بە خاكی فەڵەستین و ئیسلام دەزانێت نەوەك خاكی رژێمی داگیركار".
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان ئەوەشی گوت: "ئێمە ئەو هەنگاوە و بڕیارێكی لەو شێوەیە بە مەترسیدار دەبینین لە بەرامبەر هەموو موسڵماناندا، ئەوە جگە لەوەی رێز نەگرتنە لە هەستی موسڵمانان، رێزنەگرتنە لە هەستی مەسیحییەكانیش كە هاوبەشن لەگەڵمان لە قودس و كەنیسەیان هەیە و پێیان وایە ئەوە خاكێكی عەرەبیە".
قەرەداغی داوای لە هەموو سەركردە و بەرپرسان و پادشا و سەرۆكی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی كرد بە ئەركی خۆیان هەستن بەرامبەر ئەو بابەتە و كۆنگرەیەكی گەورەی ئیسلامی جیهانی و مرۆیی بەپەلە لەسەر پرسی قودس رێك بخەن، هەروەها پەیامی رێكخراوەكەشی ئاراستەی گەلانی موسڵمانی جیهان و ئەوانەی پشتیوانی ئەو بابەتە دەكەن كرد بە گرتنە بەری هەموو رێوشوێنێكی شەرعی و یاسایی رێگە پێدراو دژی ئەو هەنگاوە، لەنێویاندا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی ئاشتیانە بە دوور لە توندوتیژی و پێكدادان و پەلاماردان.
داواشی لە هەموو گوتاربێژانی ئیسلامی لە جیهان كرد، گوتاری ئەم هەینییەیان تایبەت بكەن بە پرسی قودس و رۆژی سەركەوتنی قودس و بەردەوامیدان بە رۆژانی سەركەوتنی قودس تا ئەو كاتەی سەرۆكی ئەمریكا لە پڕۆژەكەی پاشگەز دەبێتەوە.
قەرەداغی لەو بارەیەوە گوتی: "قودس و مزگەوتی ئەقسا هێڵی سوورە و ناكرێت ببەزێنرێت، ئومەتی ئیسلامی هەموو مافێكی هەیە بۆ پشتگیریكردن لە مافی خۆی و رووبەڕووبونەوەی ئەم پڕۆژەیە بە هەموو رێگایەكی شەرعی و یاسایی، داواش لە هەموو وڵاتانی ئیسلامی و مرۆیی دەكەین هەستن بە گوشارخستنە سەر ئەمریكا لە رووی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییەوە، بۆ پاشگەزكردنەوەی لە بڕیارێكی لەو شێوەیە و هاوكاریكردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تر لە ئاسیا و ئەورووپا و رووسیا كە پشتیوانیمان دەكەن لەو بابەتەدا كە بە پێچەوانەی بڕیارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكانەوەیە".
ئەمینداری گشتی یەكێتیی جیهانی زانایانی موسڵمان بە نیگەرانییەوە باس لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دەكات لە كاردانەوەیان بەرامبەر ئەو هەنگاوەی ئەمریكا، ئەو گوتی: "بەداخەوە زۆربەیان لەسەر ئاستی پێویست نین، ئەگەر ئومەتی ئیسلامی یەكگرتوو بەهێز بوونایە ئەوكات ترەمپ توانای دەركردنی بڕیارێكی لەو شێوەیەی نییە، بەڵام ئومەتی ئیسلامی لە هەموو شوێنێك بەتایبەت وڵاتانی كەنداو سەرقاڵ كراون و بە هۆی سیاسەتەكانی ترەمپەوە كەوتونەتە نێو كێشەیەكی قووڵەوە، ئەوەش بە هۆی سیاسەتەكانی ترەمپەوەیە كە هانی هەندێكیان دەدات و لە پشتیوانی هەندێكی تریان پشگەز دەبێتەوە، ئەوەش وای كردووە رێگای بۆ خۆش بكات بڕیارێكی لەو شێوەیە دەربكات، بۆیە سەركردە و بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی بەرپرسیارن بەرمبەر خودا و پێویستە بە ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن".
سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەرەتاوە كاردانەوەی توندی بەرامبەر ئەو پلانە نیشان دا و وێڕای ئاماژەدان بەوەی كە قودس ''هێڵی سوورە'' بۆ موسڵمانان، راشیگەیاند ''وەك سەرۆكی ئەم خولەی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامیی، تا كۆتایی چاودێریی ئەم بابەتە دەكەین. ئەگەر بێت و هەنگاوێكی لەم چەشنە بهاوێژرێت، ئەوا دەستبەجێ لەماوەی ٥ بۆ ١٠ رۆژدا لووتكەی رێكخراوی هاریكاریی ئیسلامیی لە ئیستانبوڵ ئەنجامدەدەین. ئەوەی كە ماوەتەوە، ئەوەیە ئەمە دەكرێت تا پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانمان لەگەڵ ئیسرائیلدا بڕوات''.
قەرەداغی ستایشی ئەو هەڵوێستەی توركیای كرد و كاردانەوەكانی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی بەرز نرخاند.
لەو بارەیەوە گوتی: "هەڵوێست و لێدوانەكانی سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەسەر ئەو پرسە و دانانی قودس بە هێڵی سوور و هەڕەشەی پچڕاندنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئیسرائیل ئەگەر ئەو هەنگاوە جێبەجێ كرا، جێگای ستایش و سوپاس و دەستخۆشییە و داوا لە هەموو وڵاتانی تری ئیسلامی و عەرەبی دەكەم هەمان هەڵوێست و هەنگاو و بڕیاریان هەبێت لەگەڵ هەر وڵاتێكدا كە بیەوێت قودس بكاتە پایتەختی دەوڵەتی داگیركار(ئیسرائیل)".