سلێمانی
قایمقامی مەرکەزی سلێمانی ئەمڕۆ شەممە بە AA رایگەیاند: بۆ لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکانی دوێنێ شەو، لیژنەی لێکۆڵینەوەیان دروستکردووەو چاوەڕوانی ئەنجامەکانی دەکەن.
بەگوێرەی لێدوانی کاربەدەستانی سلێمانی، شەوی ھەینی لەچەند رووداوێکدا دوو ئوتۆمبیل سوتێنراون و ئاگر بەردراوەتە مارکێتێک و سوتاوە.
ھەروەھا لەدوو شەوی رابردوو لەکاتی بانگەشەکردن لەسەر شەقامەکان، نزیکەی ١٠ کەس برینداربوون و لەچەند شوێن شەڕو ئاڵۆزی لەنێوان بانگەشەکاران ھاتووەتە ئاراوە.
قایمقمای مەرکەزی سلێمانی (ئاوات محەمەد) کە سەرۆکی لیژنەی ئەمنی سلێمانیشە بۆ AA گوتی " فەرمانگەی بەرگری شارستانیی لیژنەی دروستکراوە بۆ بەدواداچونی ھۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان، ھەروەھا پۆلیس کەیسی تایبەتی بۆ ڕووداوەکان کردۆتەوەو پێویستە چاوەڕوانی ئەنجامەکان بکەین".İ
ئاوات دەڵێ ئەو رووداوانەی لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن روویانداوە، بەھۆی تایبەتمەندی شاری سلێمانی بووە " ھەڵمەتی بانگەشە لەشاری سلێمانی گەرموگوڕی زیاتری پێوە دیارە، ئەوەش بەھۆی ئەو تایبەتمەندییانەی شارەکەی پێ دەناسرێتەوە، لەگەڵ بونی ئەو ئازادییە زۆرەی کەلەم شارەدا ھەیە تەنانەت لەھەندێک لەشارەکانی دیکەوە دێن لەسلێمانی بانگەشە دەکەن".