واشنتۆن
لە رۆژی ٢١ی ئاب کە رژێمی ئەسەد لە سوریا چەکی کیمیایی بەکارھێنا، دوو دکتۆر کە لە دوو ناوچەی جیاوازی ئەو وڵاتە کاریان دەکرد، بەسەرھاتی ئەو رۆژە وەک رۆژێکی مەترسیدار وەسفدەکەن کە ھەرگیز لەبیریان ناچێتەوە.
رێکخراوی مافی مرۆڤ لەسوریا، لەھۆڵی راگەیاندنی نیشتمانی لە ژێر ناونیشانی "پاشماوەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی" کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی سازکرد، لە کۆبوونەوەکەدا لەڕێی Skype پەیوەندی بە (د.رەزوان بویدنی) کرا کە دەرچوی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی دیمەشقە و لە شاری دوما کار دەکات.
دکتۆر بویدنی بەسەرھاتی خۆی گێڕایەوەو گوتی " کاتێ لە ٢١ی ئاب لە سوریا، رژێم چەکی کیمیایی بەکارھێنا سەعات ٠٣:٠٠ ی بەرەبەیان بەدواوە ژمارەیەکی زۆر لە بەرکەوتوان گەیەنرانە بنکەی تەندروستی دوما کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون، پاش تێپەڕبوونی دوو سەعات ژمارەی بەرکەوتوان گەیشتە نزیکەی ٤٠٠ کەس نیشانەکانی خاوبوونەوەی لێدانی دڵ، رشانەوە و تەنگەنەفەسییان پێوە دیار بوو. بەگوێرەی ئەو دەرفەتە سنووردارەی لەبەردەستمان بوو، سەرەتا نەخۆشەکانمان بە ئاو شوشت و سەختەکانمان بەئامێرێ ھەناسەدان بەستەوە، بەڵام نەمانتوانی چارەسەری پێویستیان بۆ بکەین. تەنیا توانیمان چارەسەرە سەرەتاییەکانیان پێشکەش بکەین. ژمارەیەکی یەکجار زۆر نەخۆش ھەبوو کە توانای ئێمەی تێپەڕ دەکرد. تەماشامان دەکرد دایکان منداڵەکانیان چۆن گیان لەدەست دەدەن. بەڕاستی ھیچ کامێکیان لەبیر ناکەم".
دکتۆر بویدنی لەسەر زاری یەکێ لەبەرکەوتوانەوە دەیگێڕێتەوە گوتویەتی "کاتێک لە ماڵەوە دانیشتبووم گوێم لە دەنگی تەقینەوەی بۆمببێک بووە دواتر دەستمان بەکۆکە کرد و سەرمان دەسوڕا".
یەکێکی دیکە لەبەشداربووانی کۆنگرەکە(دکتۆر شاکر دیمەشقی) بوو، شاکر بەڕێوەبەری یەکێک لەو بنکە تەندروستییانەیە دەکەوێتە رۆژھەڵاتی دیمەشق و یەکێکە لەو کەسانەی ھاوکاری تیمی لێکۆلینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی پاشماوەکانی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، ئەو لەڕێی Skype بەشداری کۆبوونەوەکە کرد.
دیمەشقی گوتی " پاش ھێرشەکە ھەموو ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەی سەحرایان دەکرد نیشانەکانی تەنگە نەفەسی، رشانەوە و لێڵ بوونی بیناییان پێوە دیار بوو. تەنانەت ژمارەیەک لە نەخۆشەکان خوێن لە لوتیانەوە دەھات، بینینی ھەمان نیشانە لە سەتان ژن و پیاو و منداڵ لە گروپە جیاوازەکان، توشی شۆکی کردم. چاوم بەمانە کەوت دەرکم بەوەکرد کە پیاوە شێتەکە( بەشار ئەسەد) چەکی کیمیایی بەکار ھێناوە. لەبەر ئەوەی ئەو نیشانانە تەنیا لە ئەنجامی ژاراوی بوون بەھۆی بەکارھێنانی چەکی کیمیاییەوە سەرھەڵدەدا".
دیمەشقی درێژە بەگێڕانەوەکانی دەدا " بەتێپەڕبوونی کات ژمارەی ئەو نەخۆشانەی سەردانی نەخۆشخانەیان دەکرد رووی لە زیادبوون دەکرد، بەڵام لە بەرامبەردا لەڕووی دابینکردنی دەرمان، ئاو و کارەبا و پێداویستی دیکە رووبەڕووی کێشە دەبووینەوە. پاش ماوەیەک بەھۆی نەبوونی پێداویستییەکان ھەمان ئەونیشانانە لەدکتۆر و پەرستارەکانیشدا دەرکەوتن، بەڕاستی رۆژێکی مەترسیدار بوو. لەکۆتایی ئەو رۆژەدا بۆمان دەرکەوت لەنەخۆشخانەکانی دەوروبەریش ھامان ئەو نیشانانە بەدەرکەوتوون، لە سەرجەم نەخۆشخانەکانی ناوچەکە، کۆی گشتی نزیکەی ١٠ ھەزار نەخۆش کە کاریگەریی چەکی کیمیایی لەسەر بووە سەردانی نەخۆشخانەکەیان کردووە. لەو ١٠ ھەزار کەسە دۆخی ٣ ھەزاریان مەترسیدار بوو، ژمارەی کوژراوان ھەزار و ٤٠٠ کەس بوو. ٧٦% یان ژن و منداڵ بوون. ١٦٥ کەس لە نەخۆشخانەی سەحرا گیانیان لەدەستدا. ئەو شەوە کاتێ جەستەی بێگیانی ئەو منداڵانەی خەیاڵی نان و یارییان ھەبووەو لەسەر زەوی بینیم، ھەرگیز لە ژیانمدا لە بیریان ناکەم".
دکتۆر دیمەشقی ئاماژەی بەوەدا، رۆژی ٢١ی ئاب پەیوەندیی کردووە بە تیمی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە کە لەدیمەشق بوون و داوای لێکردوون بەپەلە بچن بۆ ناوچەکە، بەڵام تیمەکە نەیانتوانیوە بگەتە شوێنی رووداوەکە. دوای چەند رۆژێک بەسەر رووداوەکەدا، ھاوکاری تیمی نەتەوەیەکگرتووەکانیانکردووە بۆ دۆزینەوە پاشماوەکانی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی، دیمەشقی گوتی "ھیوادارم تیمەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان راستییەکان بەدنیا رابگەیەنن، ئێمە نامانەوێ وڵاتانی جیھان بەمەبەستی خۆپاراستن لە ھێرشێکی دیکەی کیمیایی ھاوکاری پزیشکی بنێرن، بگرە داواکاریین رێگە لەبەردەم بەکارھێنانی چەکی کیمیایی بگرن و ئەم دڕندەیە بوەستێنن".
ھەروەھا رەزوان زیاد، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سیاسی وستراتیژیی سوریا بەشداری کرنگرە رۆژنامەوانییەکەی کردو گوتی"لەو ناوچەیەی لێی دەژیام لە سوریا، ھەر ئەو رۆژە سێ خێزان پێکەوە لەناو چوون.رژێمی ئەسەد لە دەرمانخانەکاندا فرۆشتنی ئەو دەرزیانەی قەدەغە کردووە کە بۆ چارەسەری ئەو ھاونیشتمانییانە بەکار دەھێنرێ کە چەکی کیمیایی کاری تێکردوون، دەستەی باڵای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بەرپرسیارە لە تراژیدیای بەکارھێنانی چەکی کیمیایی. ئەگەر دەستەی باڵای ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی سوریاوە بڕیارێکی بدایە، ئەمڕۆ ئەم تراژیدیایە رووی نەدەدا، لەبارەی پلانی ئەمریکا و ھاوپەیمانانی سەبارەت بە سوریا زانیاریمان نییە، بەڵام پێویستە پاراستنی گەلی سوریا لەسەروو ھەموو شتێکەوە بێ".