Kasım İleri
10 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2021
واشنتۆن ــ AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە ئیدارەی جۆ بایدن پاڵپشتی لە ھیچ ئاساییکردنەوەیەک ناکات لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد.
ئەم لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئیمارات، عەبدوڵڵا بن زاید بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ٢٠١١وە سەردانی دیمەشقی کرد و لە میانیدا لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد کۆبوویەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "داوا لە وڵاتان دەکەین بەو کردە وەحشیگەرانەدا بچنەوە کە رژێمی بەشار ئەسەد ئەنجامیداون".
نێد پرایس گوتیشی: "بەھۆی ئەو کردە وەحشیگەرانەی کە دژبە گەلەکەی ئەنجامیداوە، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رژێمی ئەسەد ئاسایی ناکەینەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس جەختیشی کردەوە کە واشنتۆن پاڵپشتی لە ھیچ ھەوڵێک ناکات کە پاڵپشتی لە رژێمی بەشار ئەسەد بکات و راشیگەیاند کە ئیدارەی جۆ بایدن پاڵپشتی لە ھیچ ئاساییکردنەوەیەک ناکات لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد.
روونیشی کردەوە کە ئەمریکا جەخت لەسەر ژمارەیەک ئامانج لە سووریا دەکاتەوە لەوانە فراوانکردنی گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان و بەردەوامیدان بە ھەوڵەکان لە شەڕی دژبە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش، ھەروەھا سزادانی رژێمی بەشار ئەسەد و پارێزگاریکردن لە ئاگربەست.