Sarmand Hameed
18 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2021
هەولێر - AA
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی جەختی لە پێویستی داخستنی کەمپی ھۆل کردەوە و رایگەیاند، دانەخستنی کەمپەکە و مانەوەی بەم شێوەیە ئێستای دەبێتە بۆمبێکی تەوقیتکراو بەھۆی بوونی زیاتر لە ٢٠ ھەزار منداڵ و نێوەجەوانی عێراقی و ئەوانە دەبنە داعش و مەترسی لەسەر عێراق و ناوچەکە دروست دەکەن.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی لە نووسینگەی تایبەتی خۆی لە باڵەخانەی راوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی لە بەغدا پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ماسیۆ تولەر کرد.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە میانی کۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و تەواوکردنی گفتوگۆکانی پێشوو کراوە.
بە گوێرەی راگەیاندراوەکە، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا بە قاسم ئەعرەجی راگەیاندووە، ئەمریکا تەنھا لە بواری ئەمنییدا گفتوگۆ لەگەڵ عێراقدا ناکات بەڵکو لە بوارەکانی زانستیی و ئابووریی و رۆشنبیری و بوارەکانی دیکەشدا گفتوگۆی ستراتیژی لەگەڵ بەغدا دەکات.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆسیەی کەمپی ھۆل لە پارێزگای حەسەکە لە سووریا کراوە و لەمبارەیەوە قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بەوە کردووە کە عێراق جەخت لە پێویستی چارەسەرێکی زانستیی و کۆتایی بۆ پرسی کەمپی ھۆل دەکات بە بەشداریی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەوپێیەی کەمپەکە کەسانی رەگەزنامەی بیانی و کەسوکاری تیرۆریستان لەخۆدەگرێت.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق راشیگەیاندووە، دانەخستنی کەمپەکە و مانەوەی بەم شێوەیەی ئێستای دەبێتە بۆمبێکی تەوقیتکراو بەھۆی بوونی زیاتر لە ٢٠ ھەزار منداڵ و نێوجەوانی عێراقی و ئەوانە دەبنە داعش و مەترسی لەسەر عێراق و ناوچەکە دروست دەکەن.
قاسم ئەعرەجی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەگەر ھەموولایەک ھاوکار نەبن بۆ چارەسەکردنی ئەو کێشەیە ئەوا لە داھاتوودا دەبێتە ھەڕەشە بۆسەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە و جیھان.
کەمپی ھۆل یەکێکە لەو کەمپانەی کە ئاوارەکان و خێزان و کەسوکاری چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش تیادا نیشتەجێ کراون و دەکەوێتە کەنارەکانی باشووری شاری ھۆل لە پارێزگای حەسەکە باکووری سووریا لە نزیک سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق.