Sarmand Hameed
18 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2021
هەولێر - AA
بەبڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی گۆڕانکاریی لە ژمارەیەک پۆستی باڵای ئەمنیی و سەربازیی لە عێراق کرا.
بەگوێرەی نووسراوێک کە لە وەزارەتی بەرگریی عێراق دەرچووە، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رەزامەندی داوە لەسەر گۆڕانکاریی لە ژمارەیەک پۆستی باڵای ئەمنیی و سەربازیی لە وڵاتدا.
بەگوێرەی نووسراوەکەی وەزارەتی بەرگریی، کۆتایی هێنراوە بە ئەرکی لیوا روکن جەبار حاچم سابت لە ئەرکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا و گوازراوەتەوە بۆ بارەگای فەرماندەیی هێزەکانی وشکانیی.
هەر بە گوێرەی نووسراوەکە، کۆتایی هێنراوە بە ئەرکی سەعد عەلی عاتی مغماس لە ئەرکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و گوازراوەتەوە بۆ ئەمیندارییەتی گشتی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ئەمینداری نهێنى پێشکەوتوو لە سەرۆکایەتى ئەرکانى سوپا، فەریق روکن عەلی جاسم بە ئەرکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک راسپێردراوە.
هەروەها بڕیاردراوە بە گواستنەوەی لیوا روکن عەلی مشجل خەلەف بەدر لە ئەرکی فەرماندەی فیرقەی ١٠ و راسپاردنی بە ئەرکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی سامەڕا.
لە بڕگەیەکی دیکەی نووسراوەکەدا، بڕیاردراوە بە گواستنەوەی لیوا روکن شێرزاد عەزیر لە ئەرکی فەرماندەی فیرقەی ٢٠ و راسپاردنی بە ئەرکی فەرماندەی فیرقەی ١٠ی سوپا.
لە کۆتایی نووسراوەکەدا و بە بڕیاری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، بڕیاردارە بو گواستنەوەی عەمید روکن حەسەن جەواد کازم لە ئەرکی جێگری فەرماندەی فیرقەی حەوت و راسپاردنی بە ئەرکی فەرماندەی فیرقەی ٢٠ی سوپا.