Hemin Hüseyin
25 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 26 نیسان 2018
هەولێر-AA
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، ھەر دەنگدەرێک کارتی دەنگدان بفرۆشت بە ١٥ ساڵ زیندان سزا دەدرێت.
بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عەلی قادر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھەر کەسێک کارتی دەنگدان بفرۆشێت بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ١٥ ساڵ زیندانیی دەکرێت".
عەلی قادر گوتیشی: "لە ژێر رۆشنایی یاسای بەکارهێنانی بەڵگەنامە فەرمییەکان ئەو بڕیارە دراوە و لە ئەگەری هەر کڕین و فرۆشتنێک بە کارتی دەنگدان ئەوا ئەو کەسە رووبەڕووی سزادان دەبێتەوە و سزاکەیشی زیندانیکردنە بۆ ماوەی ١٥ ساڵ".
بەرپرسی ئۆفیسی ھەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، عەلی قادر ئاشکرایشی کرد کە لە رۆژی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردندا، ھەرکەسێک بچێتە ناو بنکەی دەنگدان و جگە لە کارتی دەنگدانەکەی خۆی کارتی دیکەی پێبێت، ئەوا راستەوخۆ لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێت و رەوانەی دادگا دەکرێت، بەھەمان شێوە ئەویش سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر دەسەپێنرێت.
بڕیارە رۆژی ١٢ی ئایاری داهاتوو، هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت.