هه‌ولێر
فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له په‌رله‌مانی كوردستان، له‌باره‌ی پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی ئیداره‌ی شنگال كه په‌كه‌كه سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، ره‌خنه‌ی توندی له‌و لایه‌نه گرتووه.
له راگه‌یه‌نراوێكی فراكسیۆنی زه‌رد دا هاتووه: "لە کاتێکدا وڵات لەشە ڕی داسەپاوی گروپی تیرۆرستی جیهانی داعش دایە و جگە لە قارەمانێتی پێشمەرگە و خۆڕاگری خەڵکی کوردستان، پاڵپشتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و یەکڕیزی و تەبایی نێوان هێز و لایەنەکانی گشت بەشەکانی کوردستان بۆته هۆکارێکی گرنگی سەرکەوتن بەسەر ئەوپیلانەی كه دوژمنانی خەڵک و خاک و ئەزموونی کوردستانیان دایانناوە".
فراكسیۆنی (پ.د.ك) له په‌رله‌مانی كوردستان له راگهیانراوهكهیدا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "به‌داخه‌وه له ئێستادا پارتی كرێكارانی كوردستان، حیساب بۆ دامه‌زراوه یاسایه‌كانی باشووری كوردستان ناكات، باس و خواسی پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌ن له شنگال دێنێته ئاراوه".
هه‌روه‌ها له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی زه‌رد هاتووه: "ئەوکارە جگە لەوەی بێڕێزییە بەرامبەر دامەزراوە یاساییەکانی کوردستان، هه‌روه‌ها دەست وهردانیشه لەسەروەری باشووری کوردستان و سیاسەتی خۆفه‌رزکردنه بەسەر ئیرادەی خەڵکی شنگال و هەوڵێکیشە بەئاراستەی پارچە پارچەکردنی خاکی وڵات".
له درێژه‌ی به‌یانامه‌كه‌دا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، داوای لە پەرلەمان و حکوومەت لایەنە سیاسیەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی له هه‌رێمی كوردستان كردووه كه هه‌ڵوێست له دژی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی پارتی كرێكارانی كوردستان وه‌رگرن.
رۆژی چوار شه‌ممه 14ی مانگ به سه‌رپه‌ره‌شتی په‌كه‌كه، ژماره‌یه‌ك له ئێزیدییه‌كان كه له كه‌سانی سیاسی و خه‌ڵكی ناوچه‌كه پێكهاتوون، ئه‌نجومه‌نی سه‌ربه‌خۆی شنگالیان پێكهێنا. ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه له 27 كه‌س پێكدێت و ناوی ئه‌نجومه‌نی ئێزیدییه‌كانی شنگالی لێنراوه.