Sarmand Hameed
20 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2018
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند وڵاتەکەی رێگە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق نادات لە لایەن پەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" و لایەنی دیکە دژ بە ئێران.
لەمیانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەیدا کە لە دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران سازی کرد، عەبادی گوتی: "رێگە بە بەکارهێنانی خاکی عێراق دژ بە ئێران نادەین لە لایەن پەیمانی باکووری ئەتڵەسی "ناتۆ" و لایەنی دیکە".
حەیدەر عەبادی گوتیشی: "عێراق مەشقێکی جۆری بۆ هێزە ئەمنییەکانی بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، هەروەها پاڵپشتی لۆجستی و هەماهەنگی هەواڵگری دەوێت".
لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی: "فڕۆکەخانەکانی هەرێم دەکرێنەوە کاتێک کە سەرجەم داواکارییەکانی حکوومەتی فیدڕالی جێبەجێکران" و گوتیشی: "دەروازە سنوورییەکان لەگشت وڵاتانی جیهان لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی فیدڕالی دایە".
لەبارەی کوژرانی ٢٧ چەکداری حەشدی شەعبی کە رۆژی یەکشەممەی رابردوو لە بۆسەیەکی داعش لە باشووری رۆژئاوای کەرکووک کوژران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی ئاماژەی بەوە کرد کە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردووە لەبارەی ئەوەی کە ئاخۆ کێ فەرمانی داوە بە دەرچوونی هێزێکی دیاریکراوی حەشدی شەعبی لە قەزای حەویجە باشووری کەرکووک.