Zana Natık Kerem
21 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2016
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەممەدا، پرسی سەندنەوەی متمانەی لە وەزیری دارایی، هوشیار زێباری خستە دەنگدانەوە و دواتر بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران، متمانە لە زێباری سەنرایەوە.
پەرلەمانتار بەكر ئەمین لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەراندا، پرسی سەندنەوەی متمانە لە وەزیری دارایی، هوشیاری زێباری خرایە دەنگدانەوە.
ئەمین گوتیشی: "158 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ سەندنەوەی متمانە لە زێباریی دا، لە بەرامبەردا 77 پەرلەمانتار دەنگیان بۆ رەتكردنەوەی سەندنەوەی متمانە دا و 14 پەرلەمانتاریش دەنگیان نەدا''.
پەرلەمنتارەكە ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆسەی دەنگدان بەشێوەیەکی نهێنیی بەڕێوەچوو بەمەش وەزیری دارایی، هوشیار زێباری بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران لەپۆستەكەی لادرا.
بەرلە كەمتر لەمانگێك ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەدوای لێپرسینەوە و سەندنەوەی متمانە لە وەزیری بەرگریی، خالید عوبێدی، لەسەر دۆسیەكانی پەیوەست بە ئیدارەدانی وەزارەتی دارایی، لێپرسینەوەی لەگەڵ هوشیار زێباریدا كرد و دواتر زۆرینەی پەرلەمانتارانی عێراق دەنگیان دا لەسەرئەوەی وەڵامەكانی زێباری بۆ ئەو پرسیارانەی كە لە دانیشتنی لێپرسینەوەدا ئاراستەی کرابوون، جێگەی باوەڕی پەرلەمانتاران نەبووە.
بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر بێت و زۆینەی پەرلەمانتاران كە (50 + 1)ە دەنگ بۆ سەندنەوەی متمانە لە هەر وەزیرێك بدەن، ئەوا ئەو وەزیرە بە دەستلەكاركێشاوە ئەژمار دەكرێت.