1 23
22 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2016
پلاتفۆڕمی "دابڕان" دووەمین کۆنفرانسی ساڵانەی نێودەوڵەتی خۆی لەژێر دروشمی "ئاین بۆ تاک و دیموکراسی بۆ ھەمووان" لەشاری سلێمانی و لەئوتێل شاری جوان دەستیێکرد. کۆنفراسەکە بەبەشداریی ٤٠ توێژەر، کە ١٠یان لە وڵاتانی خۆرئاوا، ٤ توێژەریان لە وڵاتانی عەرەبییەوە میوانداریکرابوون و ھاوکات توێژەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان، دەستی بەکارەکانی کرد.
تەوەرەکانی ئەم کۆنفرانسە بریتین لە "سەلەفیزم و جیھادیزم، سکۆلاریزم و ئیسلام، ژن و فیمینیزمی رۆشنگەریی، کێشەکانی خوێندنی ئاینیی لە ھەرسێ وەزارەتی ئەوقاف، پەروەردە، خوێندنی باڵا''.
سەرپەرشتیاری گشتیی پلاتفۆڕمەکە، مەلا بەختیار لە گوتەیەکدا بۆ ئامادەبووان، باسی لە ئامانجەکانی بەستنی پلاتفۆڕمەکە کرد و گوتی: "دووەمین کۆنفراسی دابڕان تەحەدا نییە و نامانەوێت وەڵامی کەس بدەینەوە، تەنھا بەعەقڵ و مەنتق وەڵامی عەقڵ و مەنتیقمان ھەیە بۆ ئەو کەسانەی دژایەتی دەکەن".
مەلا بەختیار ئاماژەی بە ناوەڕۆکی پلاتفۆڕمەکە کرد و گوتی پێویستە ئاین بۆ تاک بێت و دیموکراسیش بۆ ھەمووان بێت، ئاین بە شێوە جوانەکەی نیشانبدرێت.
باسی لەوەشکرد لەکاتی بەستنی یەکەم کۆنفراسیاندا لەساڵی رابردوو، لە ٧٣ مزگەوتی سلێمانییەوە لەلایەن گوتارخوێنەکانەوە ھەڕەشەیان لێکراوە جەختیکردەوە ئەوان بە ھەڕەشە وەڵامی گوتارەکانیان نادەنەوە.
لای خۆیەوە وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی ھەرێمی کوردستان، یوسف گۆران باسی لە کار و پلانی وەزارەتەکەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاریی لە پەیمانگە و کۆلێژە ئیسلامییەکانی سەربە وەزارەتەکەی کرد و گوتی: "لە ماوەی رابردوودا ٥ پەیمانگا و ٨ بەشی ئاینییمان داخستووە و گۆڕانکارییمان لە پڕۆگرامەکانی کۆلێژ و پەیمانگە ئاینییەکان کردووە، ئەو بەشانەش رێژەی دەرچوونیان لەسەرووی خواست و دامەزراندنیانەوە بووە".
وەزیری خوێندنی باڵا ئاشکایکرد وەزارەتەکەی رێگە بە خوێندکارانی کورد نادات بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا لەو زانکۆیانەی وڵاتانی دەرەوە کە پەرە بەبیری توندڕەویی دەدەن و دان بە بڕوانامەکانیاندای نانرێت.