سەركۆماری ئیسرائیل شیمۆن پێرێز لە قودس لە كۆشكی سەركۆماری پێشوازی لە شاندێكی سیناتۆرانی ئەمریكا كرد كە لە سیناتۆر جۆن مەكین، لیندسەی گراھام و جۆن باراسسۆ پێكھاتبوو.
سەركۆماری ئیسڕائیل دەربارەی گفتوگۆی ئاشتی نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل كە بەناوبژیوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری بەڕێوەدەچێ، پەیامی بونیادنەرانەی دا و گوتی: "ئێستا كاتی بڕیاردانە، ھەموو بڕیارەكان زەحمەتن، بەڵام ئەو بڕیارانەی دەردەكرێن بۆ ھەڵەكردن نیە. كیری كاتێكی زۆری لەو پڕۆسەیە خەرجكردووە، سەرەڕای ھەموو زەحمەتیەكان پێموایە بەرقەراركردنی ئاشتی مومكینە. بەر لە راگەیاندنی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ میسر مرۆڤ پێیوابوو بەرقەراركردنی ئاشتی مەحاڵە. لەناو فەڵەستینیەكان و لەناو ئێمەش ئەمە زۆر ئاڵۆزە. سەرۆك عەباس باش دەناسم و پێموایە ساڵانێكی دوور و درێژە داوای ئاشتی دەكا. ھەندێك پێشكەوتن ھاتۆتە ئاراوە، بەڵام بۆ بڕیاری گەورە سەرەتا ناچارین ئەوەی لە دەستمان بێ بیكەین. جیھان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش دەگۆڕێ."
دەربارەی مەسەلەی ئێرانیش سەركۆماری ئیسڕائیل گوتی: "تیرۆر بۆ جیھانی عەرەبی ھەڕەشەیەكی گەورەیە. بەھۆی تیرۆر وڵاتێكی عەرەبی نیە بێ كێشەبێ. رووسیا بەو تاقیكردنەوە ترسناكە تێپەڕدەبێ. لەگەڵ ئەوەش دەبێ دوو مەسەلە لەگەڵ ئێرانیەكان چارەسەر بكەین. یەكەمیان پرۆگرامی مووشەكی دوورھاوێژە كە دەتوانێ سەری ئەتۆمی هەڵگرێ، ئەگەر مەبەستیان چەكی ئەتۆمی نیە ئەوا پێویستیان بە موشەكی دوورهاوێژ نییە. دووەمیشیان پێویستە ئێران كردەوە تیرۆریستیەكانی لەھەموو جیھان راگرێ."
سیناتۆری ئەمریكی جۆن مەكین گوتی: "بۆ باشتربوونی بارودۆخەكە بۆشایەك ھەیە. قۆناغێكی زەحمەتە بەڵام سوپاسی كیری دەكەین لەبەرامبەر ھەوڵە جدیەكانی. ویستێك ھەیە كە رابردوو نەمانبینیوە. دەربارەی مەسەلەی ئێران و سوریا ھەمان نیگەرانی ئیسرائیلمان ئێوەمان ھەیە."