رۆژی شەممە ھەر دوو وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیا لە شاری ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا ھەر دوولا باسیان لە رەوشی ناوچەکە بە گشتی و سوریا بە تایبەتی کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرەڕای گفتوگۆ کردن لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و تورکیا، ھەر دوولا جەختیان لە سەر ھەوڵدان بۆ بەھێزتر کردنی پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماتی نێوان ئەنقەرە و تاران کردەوە.
لە بارەی رەوشی سوریا وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "بۆ ئەوەی کۆتایی بە قەیرانی مرۆیی لە سوریا بھێنرێ، چی پێویست بێ دەکرێ. تورکیا تا ئێستا بۆ ئەو مەبەستە ھەوڵی داوە و بەردەوام دەبێ لە ھەوڵدانەکانی. هەروەها لەگەڵ ئێراندا بیروڕا ئاڵوگۆڕ دەکەین."
دوای کۆتایی ھاتنی کۆبوونەوەکە داودئۆغڵو و محەمەد جەواد زەریف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەشدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستە روو.
لەو چوارچێوەیەدا داودئۆغڵو گوتی: کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی ئێران دەکا، ھەر لە مانگی شوباتدا چاوەڕوانی سەردانی حوسێن رۆحانین بۆ ئەنقەرە.
داودئۆغڵو نیگەرانی ئەنقەرەی لە بەرامبەر رووداو و پێشھاتەکانی عێراق دەربڕی و گوتی: "رووداو و پێشھاتەکانی ئەم داوییەی عێراق، جێگای مەترسین، ئاواتە خوازین لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی مانگی نیساندا عێراق رووی ئارامی و ئاشتەوایی بە خۆیەوە ببینێ."