As Sulaymaniyah
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بەردەوامیی سەردانیدا بۆ سلێمانی، لەگەڵ ھاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبووەوە.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە جێگرانی سەرۆکی ھەرێم ئامادەی بوون،نێچیرڤان بارزانی وێڕای پێویستی و گرنگیی کاری ھاوبەش و پێکەوەییی نێوان تەواوی ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان لەپێناو مسۆگەرکردن و پاراستنی ماف و بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەرێمی کوردستان و ئێستا و قۆناغەکانی داھاتوودا، جەختی لە بەرپرسیارییەتی و رۆڵ و پێگەی دیار و کاریگەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یەکڕیزی و تەبایی و پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقدا کردووەتەوە.
لای خۆیانەوە ھاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وێڕای دەستخۆشی، ھەموو پشتگیرییەکی یەکێتییان بۆ ھەوڵ و ھەنگاوەکانینێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لەپێناو نەھێشتنی ناکۆکییەکان و ھێنانەدی یەکدەنگی و ھاوھەڵوێستی و یەکڕیزیی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتەکانی کوردستاندا دووپات کردەوە و ھەموو ھاوکارییەکیان بۆ سەرخستنی ئەو ھەوڵانە نیشان دا و ھاوڕا بوون کە پێویستە میکانیزم و چواچێوەیەکی ھاوبەش بۆ پێکەوەکارکردن و ھاریکاری و ھەماھەنگی لەنێوان ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکاندا ھەبێت.
ھەنگاوەکان بۆ ئامادەکردنی دەستووری ھەرێمی کوردستان، دۆخی ھەرێمی کوردستان بەگشتی، پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆی چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و کۆمەڵێک بابەتی جێی بایەخی ھاوبەش، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بوو لەگەڵ ھاوسەرۆکان و مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.