سياسەت, جيهان

سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا: ''گەلەکەمان نیو سەدەیە لە ژێر ستەمی خێزانی ئەسەدا دەژی''

سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا، عەبدولڕەحمان موستەفا: ''گەلی سووریا وەک باوباپیرانی کە فەڕەنسیەکانیان تێکشکاند دژ بە رژێمی خوێنڕێژ خەباتی شەرەف و ئازادیی بەڕێوە دەبات. پشتیوان بە خوا سەرلەنوێ ئاسۆ هەڵدێت، شۆڕشی ئازادیی و شەرەفمان سەرکەوتوو دەبێت''.

Ethem Emre Özcan  | 17.04.2021 - نوێکردنەوە : 18.04.2021
سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا: ''گەلەکەمان نیو سەدەیە لە ژێر ستەمی خێزانی ئەسەدا دەژی''

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا، عەبدولڕەحمان موستەفا، لە ٧٥هەمین ساڵیادی رزگارکردنی سووریا لە دەست داگیرکاری فەڕەنسا، رایگەیاند: ''گەلەکەمان نیو سەدەیە لە ژێر ستەمی خێزانی ئەسەدا دەژی. دوای ئەوەی حزبی بەعس دەسەڵاتی گرتە دەست، داهاتووی پرشنگداری سووریا بە رۆژانی رەش گیرا''.

سەرۆکی حکوومەتە کاتییەکەی سووریا عەبدولرەحمان موستەفا، کە ئۆپۆزسیۆنی سووری لە دەرەوەی وڵات دایمەزراندووە، لە ٧٥هەمین ساڵیادی رزگارکردنی سووریا لە دەست داگیرکاری فەڕەنسا، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا.

عەبدولرەحمان موستەفا ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە گەلی سووریا لە ئەنجامی خەباتێکی گەورە لە ١٧ی نیسانی ١٩٤٦دا کۆتایی بە داگیرکاری فەڕەنسا هێنا و، سەربەخۆیی راگەیاند و، گوتی: ''رۆژی سەربەخۆیی، رۆژێکی پیرۆزە بۆ گەلە ئازادەکەمان کە سەرشۆڕی رەتکردەوە و لە پێناو شەرەف و ئازادییدا جەنگا. ئەمڕۆ بە بەهاترین رۆژی مێژوومان دەژمێردرێت. لە کاتی داگیرکارییدا گەلەکەمان خەباتێکی شەرەفمەندانەی دژ بە هێزەکانی فەڕەنسا کرد و، سەرکەوت''.

هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەلی سووریای راپەڕی و دژ بە ستەمی رژێمی ئەسەد ماوەی ١٠ ساڵی رابردوو باجی قورسیی داوە و، رایگەیاند: ''گەلی سووریا وەک باوباپیرانی کە فەڕەنسییەکانیان تێکشکاند دژ بە رژێمی خوێنڕێژ خەباتی شەرەف و ئازادیی بەڕێوە دەبات. پشتیوان بە خوا سەرلەنوێ ئاسۆ هەڵدێت، شۆڕشی ئازادیی و شەرەفمان سەرکەوتوو دەبێت''.

سەرۆکی حکوومەتی کاتیی سووریا موستەفا، باسی لەوە کرد کە گەلی سووریا نیو سەدەیە لە ژێر ستەمی خێزانی ئەسەدا دەژی و، دوای ئەوەی حزبی بەعس لە ساڵى ١٩٦٣دا دەسەڵاتی گرتە دەست، داهاتووی پرشنگداری سووریا بە رۆژانی رەش گیرا و، رایگەیاند: ''دوای سەربەخۆیی گەلی سووریا سەردەمێکی خۆشی بەڕێکرد کە ئازادی رادەربڕین، مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسیی باڵادەست بوو تیایدا. لەو سەردەمەدا نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی گەل دەکرا لە ژیانی سیاسییدا. گەشەکردنی بواری ئابووریی ژیانێکی خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتیان دەستەبەرکرد. لە پاش کودەتای سەربازیی حزبی بەعسەوە رۆژانی رەش دەستیان پێکرد''.

عەبدولرەحمان موستەفا داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتییەکانی بەجێبگەیەنێت و، رایگەیاند: ''گەلی سووریا نایەوێت لە داهاتووی وڵاتدا رژێمی ئەسەد ببینێت کە زیاتر لە یەک ملیۆن مەدەنی کوشتووە و ملیۆنان کەسیشی دەربەدەر کردووە. پێویستە رژێم و پشتیوانانیان کە تێوەگلاون لە تاوانی جۆراوجۆری جەنگ دادگایی بکرێن''.

هاوکات عەبدولرەحمان موستەفا باسی لەوە کرد کە بەهۆی هێرشەکانی رژێمی ئەسەدەوە زیاتر لە نیوەی گەلی سووریا ئاوارە و دەربەدەربوون، لەبەرئەوە بەردەوام دەبن لەسەر بەرگریی کردن لە مافەکانی گەلی سووری لە کایەی نێودەوڵەتییدا و، رایگەیاند: ''بەدڵنیاییەوە هەتا چارەسەری سیاسیی لەژێر رۆشنایی بڕیاری ژمارە ٢٢٥٤ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا لە سووریا جێبەجێ نەکرێت، دژی گفتوگۆکردنین لەبارەی گەڕانەوەی سوورییەکان بۆ وڵاتەکەیان''.




بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın