ھەولێر
ئەمڕۆ نەوشیروان مستەفا سەرۆکی بزوتنەوەی گۆڕان کە گەورەترین ھێزی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانە و ٢٥ کورسی ھەیە، دوای دەنگدانی لەگەڵ ھاوسەرەکەی لە شاری سلێمانی رایگەیاند "ھیوادارم ئەم ھەڵبژاردنە ببێ بە سەرەتای قۆناغێکی سیاسی نوێ بۆ ئەوەی بەرەو دەسەڵاتێکی نوێ و دادپەروەر بچین".
ھەروەھا گوتی "ئومێدم وایە پرۆسەی ھەڵبژاردن بە ھێمنی و ئارامی بەڕێوەبچێت و ئەنجامەکانی لە ئاستی چاوەڕوانیەکانی میلەتەکەمان بێت".
محەمەد فەرەج ئەمینداری گشتیی یەکگرنووی ئیسلامیی کوردستان کە ٦ کورسی لە پەرلەمان ھەیە، دوای دەنگدان لە شاری ھەولێر، ھیوای خواست پرۆسەکە بەئارامی بەڕێوە بچێ.
ھەروەھا گوتی "پێمان وایە یەکگرتوو یەکەم دەبێت لە ناو لایەنەکان لە زیادبوونی رێژەکەمان".
عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانیش کە خاوەنی ٤ کورسین لە پەرلەمان، لە بنکەیەکی شاری ھەولێردەنگیدا.
باپیر لە لێدوانێکیدا ھیواخوازبوو ھەڵبژاردن بە پاک و بێگەری بەڕێوە بچێ، داواشی کرد ھەموولا خۆیان لە ساختەکاری بەدوور بگرن.