Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.
یەکەم وێستگەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم، دیدار لەگەڵ سەرۆکوەزیران عادل عەبدولمەهدی بوو و دواتر نێچیرڤان بارزانی لە لایەن سەرۆکی پەرلەمانی عێراق محەمەد حەلبووسی پێشوازی لێکرا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دواتر سەردانی سەرکۆماری عێراق بەرهەم ساڵح-ی کرد.
بە پێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، "لە میانی دیدارەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان کرا، ھاوکات جەختکرایەوە لە چەسپاندنی سەقامگیری وڵات و دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ گشت گەلی عێراق".
ویستگەیەکی دیکەی دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بینینی سەرۆکی رەوتی حیکمە، عەممار حەکیم بوو.
بە پێی زانیارییەکان، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی ناوەندی کە دوو لایەن خواستی خۆیان بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان نیشان داوە و هەروەها ئاڵۆزییەکانی ئەم دوایانەی عێراق و خۆپیشاندانەکان، تەوەری سەرەکی دیداری نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی بەغدا بووە.
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی لە کاتێکدایە کە خۆپیشاندان لە عێراق بۆ دژایەتی لەگەڵ گەندەڵی و دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی بەردەوامە.
پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندبوو کە وێڕای ئەوەی پشتیوانی لە خواستی خۆپیشاندەران دەکەن، لەگەڵ ئەوەدان کە بوار بە حکوومەتی عادل عەبدولمەهدی بدرێ بۆ ئەوەی پڕۆژەکانی چاکسازی ئەنجام بدات.