Ramal Abdullah Mahmood
22 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2017
ئیدلب – AA
لە ئاکامی هێرشێک بە ماتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژکراو لە ناوجەرگەی شاری ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا، حەوت کەس کوژراون و ١٢ی دیکەش برینداربوون.
کارمەند لە بەرگری شارستانی ئیدلب، عەبدولڕەزاق جوبارا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ماتۆرسکیلێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک خاڵێکی پشکنینی ئۆپۆزسیۆن لە گەڕەکی سلەیبەی ناو شاری ئیدلب تەقێنرایەوە.
عەبدولڕەزاق جوبارا ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند ئەرکداران هەستیان بەوە کرد کە ماتۆرسکیلەکە بۆمبڕێژکراوە بەڵام هەر کە گەیشتە خاڵی پشکنین تەقیەوە و، گوتی: "لە ئاکامی تەقینەوەکەدا حەوت کەس کوژراون کە ئەرکدارانیشی لەنێودان و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون".
ناوبراو تیشکی خستە سەر ئەوەی برینداران گوێزراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دەورووبەر و، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە برینی ژمارەیەک لە برینداران سەختە.
شایەتحاڵی رووداوەکە عەلی ئەبو محەمەد گوتی: "زیان بەر ماڵ و گیانی هاووڵاتییان کەوتووە. خوای گەورە قوربانیان لە ریزی شەهیدان قبوڵ بکات".
بەرپرسە پەیوەندیدارەکانی ئیدلب بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان لە بارەی رووداوەکە.
هیچ لایەنیک بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەکە رانەگەیاندووە.