Heman Hussein
05 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
بەرپرسی فەمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی رایگەیاند، کە سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئەمنی لە شنگال زۆر گرنگە بەمەبەستی رێگاخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە بونیادنانەوەی ژیان کە بەھۆی شەڕی داعش دووچاری وێرانکردن بووە. ھەروەھا پێکھێنانی ھێزی پۆلیسی خۆجێی متمانەی ھاووڵاتیان دەگەڕێنێتەوە و ھاندەردەبێت بۆ گەڕانەوای ئاوارەکان.
بەپێی ھەواڵێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لەنێوان بەرپرسی فەرمانگە سەفین دزەیی و، ئەندامانی پەرلەمانی بەریتانیا و ئەنجوومەنی لۆردانی بەریتانیا بەڕێوەچووە کە لەلایەن نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوەی کوردیش پڕۆگرێس رێکخرابوو.
کۆبوونەوەکە لە رێگای ئۆنڵاینەوە ئەنجامدراوە و تیاییدا بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی بەوردی تیشکی خستووەتە سەر بارودۆخی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و پەیوەندییە دولایەنەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو.
ئاماژە بەوەشکراوە کە، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کاتێک ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە پشت بەستن بە دەستووری ھەمیشەیی ووڵات چارەسەر بکات، لە نێویشیاندا پرسی بوودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەبە دۆخی شنگال کراو و تیاییدا ھاتووە. بەرپرسی فەمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەفین دزەیی رایگەیاندووە کە، سەقامگیرکردنی بارودۆخی ئەمنی لە شنگال زۆر گرنگە بەمەبەستی رێگاخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سەر زێدی خۆیان و دووبارە بونیادنانەوەی ژیان کە بەھۆی شەڕی داعش دووچاری وێرانکردن بووە. ھەروەھا پێکھێنانی ھێزی پۆلیسی خۆجێی متمانەی ھاووڵاتیان دەگەڕێنێتەوە و ھاندەردەبێت بۆ گەڕانەوای ئاوارەکان.
سەبارەت بە گرژییەکانی ناوچە سنوورییەکان، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، سەفین دزەیی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دانپیانراوی دەستوورییە لە چوارچێوەی ووڵاتی عێراقی فیدڕاڵ وە بەرپرسیارییەتی ھەرێمی کوردستانە کە گەرەنتی سنوورەکانی بکات لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ ئەوەی خاکی ھەرێم لە دژی ھیچ وڵاتێک بەکارنەھێندرێت، بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و نەرێتە کارپێکراوەکان ناکرێت خاکی ھەرێم بەکاربھێندرێت بۆ دروستکردنی ھەڕەشە لەسەر وڵاتانی دراوسێ ھاوکات وڵاتانی دراوسێش پێویستە رێز لە سەروەری عێراقی فێدڕاڵ بگرن.
لە کۆبوونەوەکەدا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە ئاماژەی بە رۆڵی بەریتانیا و سەردانی وەزیری کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست جەیمس کلێڤەرلی و، وەزیری ھێزە چەکدارەکانی بریتانیا جەیمەس ھیپی دا بۆ ھەرێمی کوردستان و کرد و بە سەردانێکی سەرکەوتووی وەسفکرد.
ھاوکات پەرلەمانتاران و لۆردە بەشداربووەکان ژمارەیەک پرسیار و تێبینیان تایبەت بە بارودۆخی ناوخۆیی و ھەرێمی و گرژییەکانی ئەم دواییانە لە ناوچە سنورییەکان لەگەڵ تورکیا خستە ڕوو کە گفتوگۆی چڕیان لەسەر کرا و لەلایەن بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە روونکردنەوە و زانیاری پێویستی پێشکەش کردن، ھاوکات پەرلەمانتاران و لۆردەکان جەختیان لەسەر گرینگی دیالۆگ کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رێگە نەدان بە تەشەنەکردنی ئەو گرژیانە کە ببنە ھۆی تێکچوونی سەقامگیری ناوچەکە.