سياسەت

سلێمانی.. کۆبوونەوەی یەکێتیی و کۆمەڵی ئیسلامی

ـ شاندێکی مەکتەبی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان سەردانی بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد لە شاری سلێمانی و لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە کۆبوویەوە.

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 14.02.2019 - نوێکردنەوە : 15.02.2019
سلێمانی.. کۆبوونەوەی یەکێتیی و کۆمەڵی ئیسلامی

As Sulaymaniyah

سلێمانی ـ AA

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە وەک لە زاری ھەردوولاوە راگەیەندرا تایبەت بوو بە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان و گەشەپێدان‌ و بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان ھەردوولا، حکوومەتی ھەرێم، لامەرکەزی کارگێڕی و دارایی بۆ پارێزگاکان، دەستووری ھەرێم و ئەو یاساییانەی رەھەندی نیشتمانیی و نەتەوەییان ھەیە بە سازان یەکلابکرێنەوە، گۆڕانکاری‌ و پێداچوونەوە بە یاسای ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ ھاوتاکەی لە کۆمەڵی ئیسلامی گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان کرد لەسەر پێکھێنانی حکوومەت کە پێویستە پێکەوە کۆمەک بکەین لە پێکھێنانی حکوومەتێکی تەندروست کە کار بکات لە پێناو سەروەری یاسا و حکوومەتێک بێت کە مەرکەزی کارەکانی خزمەتکردنی ھاووڵاتییان و چاکسازی بێت، حکوومەتێک کە بتوانێت لە سەرتاسەری ھەرێم حوکمڕانی خۆی بکات بەبێ گەڕانەوە بۆ ھەڵەکانی ساڵانی رابردوو، لەھەمانکاتیشدا جیاوازییەکی گەورە ببینین لە نێوان حکوومەت و حزبدا بەجۆرێک حزب کاری سیاسی خۆی بکات و حکوومەت کاری ئیداری و حوکمڕانی خۆی بکات".

سەعدی پیرە گوتی: "ھەروەھا گفتوگۆمان کرد لەسەر پێویستی شۆڕکردنەوەی دەسەڵات لە رووی ئیداری و دارایی بۆ یەکەکانی ئیداری لە ھەرێمی کوردستان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەو یەکانە بەبێ گەڕانەوە لەھەموو گەورە و بچووکێک بۆ حکوومەت".

ئەو ئاماژەی بەوەش کرد، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لەسەر کارکردن بۆ سازاندنی ژینگەیەکی تەبا و پاراستنی یەکڕیزی لە نێوان لایەنەکاندا.

گوتەبێژی یەکێتی ئەوەشی گوت "لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام لە گفتوگۆداین و لە ئێستاشدا لە ئاڵوگۆڕی راو بۆچونداین لەسەر چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە سیاسیەی نێوانمان و بەپێی خاڵی یەکەمی رێککەوتنەکەش پێویستە لە رووی سیاسییەوە ئێمە رێک بکەوین تا دەست بە کارە عەمەلییەکان بکەین".

ئەو ھەروەھا گوتی: "باشترین شت لە پرسی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئەوەیە ھەموو لایەنەکان بەشداری بکەن و بۆ شوێنی کۆبوونەوەکەش بۆ ئەنجوومەن خۆیان بەجێی بھێڵین کە لە کوێ کۆدەبنەوە".

لە لای خۆیەوە گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، رێبوار حەمەد گوتی: "لە کۆبوونەوەکەدا خواستی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانمان بە یەکێتیی نیشتمانیی گەیاند لەوەی خوازیارین ئەم حکوومەتە بە بوونی کۆمەڵ یان نەبوونی حکوومەتی چاکسازی و بەدامەزراوەییکردنی دامەزراوەکانی ھەرێم بێت، ھەروەھا حکوومەتێک بێت کە ھاووڵاتی بکاتە سەنتەر و حکوومەتی خزمەتگوزاری بێت، ھەردوولاش لێکتێگەیشتنی باشمان ھەبوو".

رێبوار حەمەد گوتی: "لە کۆبوونەوەی پێشترمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆبوونەوەی ئەمڕۆش لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڵێ قسەمان لەسەر پێکھێنانی حکوومەت و بنەمای حوکمڕانییەکی تەندروستکرد، بەڵام بەھیچ شێوەیەک قسەمان لەسەر پشک و بەشداریکردنی حکوومەت نەکردووە، ئەم بڕیارە تا ئێستاش لە لای کۆمەڵ کراوەیە و وەک رامانگەیاندووە پێویستمان بە بەرچاو روونییە".

گوتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستیان بەبەرچاو روونی ھەیە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ی ئەم مانگە.

ئەم کۆبوونەوەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە چوارچێوەی ھەوڵ و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان دێت بۆ پێکھێنانی حکوومەت، لەو چوارچێوەیەشدا سبەی ھەینی جارێکی تر پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی کۆدەبنەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن