سلێمانی
ئەمڕۆ دووشەممە گروپی ڕوانین و هزری نوێ گردبونەوەیەكی لەبەردەم نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدا و لە یاداشتێكدا بۆ پەرلەمان داوای هەمواركردنەوەی دەستووریان كرد.
لەو یاداشتەدا كەلەلایەن نوێنەری گروپەكەوە خوێندرایەوە هاتووە: "هەرێمی كوردستان خاوەنی دامودەزگای گشتییە لە حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری، بۆیە بەپێی دەستووری عێراق هەرێمی كوردستان مافی خۆیەتی خاوەنی دەستوورێكی مۆدێرن و پێشكەوتوو و پەسەندكراوی گشتی بێ و گەل و نیشتمان لە سایەیدا هەست بەدادپەروەری و یەكسانی و پارێزراوی بكەن".
گروپەكە دەڵێ: "بەداخەوە پرسی دەستوور لە كوردستان بۆتە جێگەی گرفت و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەبەر ئەوە پڕۆژەی دەستوور بەبێ هەمواركردنەوە ماوەتەوە كەپێویست بو هەموار بكرێتەوە."
داواش لەسەرۆكایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەكەن هەنگاوی ڕژد و كرداری بنێن بۆ هەمواركردنەوەی پڕۆژەی دەستوور و دواتر بخرێتە ڕاپرسیەوە بەجۆرێك لەگەڵ خواستی گشتی و بەرژەوەندییە باڵاكانی گەل و وڵات یەكبگرێتەوە و بگونجێ.
لەكۆتایی یاداشتەكەدا گروپەكە داوا لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دەكا پەلە بكەن بە پێشكەشكردنی پڕۆژە یاسا بۆ پێداچونەوە بە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ، لایەنە سیاسییەكان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و چین و توێژە جیاكانی تریش لەئاست ئەم پرسە گرنگی بێدەنگ نەبن و هەڵوێست وەربگرن.