Ramal Abdullah Mahmood
27 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2017
ریاز - AA
سعوودیە بە بڕیارنامەیەک دەرفەتی وەرگرتنی مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ئافرەتان دەڕەخسێنێت.
بە پێی زانیارییەکانی ئاژانسی هەواڵی SPA، شای سعوودیە سەلمان بن عەبدولعەزیز واژووی لەسەر بڕیارنامەکە کردووە کە یاسای قەدەغەکردنی ئۆتۆمبێل لێخوڕین لە ئافرەتان هەڵدەوەشێنێتەوە.
لە بڕیارنامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە لایەن ئافرەتانەوە سوودی زۆر لە خۆ دەگرێت و بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک کێشە ئەو بڕیارە دراوە.
بڕیارنامەکە تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی دەستەی باڵای زانایانی ئایینی ئەم بڕیارە دراوە، دوای ئەنجامدانی ئەو گۆڕانکارییانەش بۆ رێگەگرتن لە هەر کارێکی نەخوازراو رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر. داواش کراوە دوای ٣٠ی رۆژ لە کاروباری وەزارەتی دارایی و وەزارەتی کار و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی داواکارییەکە پێشکەشی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت.
دوای کاروچالاکییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و گۆڕانکاری پێویست لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨ کار بە یاساکە دەکرێت و ئافرەتان دەتوانن مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن.
تاکە وڵاتێک لە سەرانسەری جیهان کە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی لە ئافرەتان قەدەغەکردووە، سعوودیەیە. بە هۆی ئەوەی دەستەی باڵای زانایانی ئایینی فتوای دابوو کە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەلایەن ژنانەوە حەرامە، یاساکە نەدەگۆڕدرا.
لەبەرامبەردا ژمارەیەک زانای ئایینی وەک شێخ عەبدولعەزیز ئالئەشێخ رەخنەیان لەو فتوایە گرت و ئاماژەیان بەوە دەدا کە ئافرەتانیش دەتوانن ئۆتۆمبێل لێبخوڕن.
بۆ یەکەمجار لە سعوودیە لە ساڵی ١٩٩٠ داوا کرا یاسایەک دەربچێت تاکو رێگە بدات بە ئافرەتان ئۆتۆمبێل لێبخوڕن، دواتر لە ساڵی ٢٠١١، ٢٠١٣،٢٠١٤ و ٢٠١٥ بۆ هەمان مەبەست چەندین هەڵمەت دەستیان پێکردبوو.