Hemin Hüseyin
27 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت کە بڕیاری حکوومەتی عێراق، بۆ رادەستکردنەوەی فرۆکەخانەکانی ھەرێم، بڕیارێکی گونجاو نییە.
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەولود باوەمراد بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا کە تایبەت بوو بە بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق سەبارەت بە رادەستکردنەوەی فڕۆکەخانەکانی ھەرێم بە بەغدا.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی ھەرێم، مەولود باوەمراد گوتی: "ئێمە دەمانەوێت، دەرفەتی گونجاو ھەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ عێراق و ھەردوو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی لەسەر بوودجەی حکوومەتی ھەرێم و بە مۆڵەتی حکوومەتی عێراق و بە پێی رێنمایی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی بووە".
مەولود باوەمراد گوتیشی: "ئەگەر بڕیارەکە بۆ جێبەجێکردنی یاسای دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقییە، ئەوا ھیچ کێشەیەکمان نییە و بە کەمتر لە دانیشتنێک چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە سزادانی گەلی کوردستان بێت لەسەر ئەوەی پڕۆسەی ریفراندۆمی ئەنجامداوە، ئەوا بێگومان گفتوگۆکان ناگەنە ھیچ ئەنجامێک و ئەو جۆرە ھەنگاوانە دەست بردنە بۆ دامەزراوەیەکی ھەستیاری نێودەوڵەتی، لەم کاتەدا رێگا لە ھەموو دانوستانێکی ئێمە لەگەڵ دەزگاکانی تایبەت بە فڕۆکەوانیی عێراقی دەگرێت، ئەمەش گورزێکی کوشتندەیە بۆ متمانەی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقی".
باوەمراد جەختی لەوەشکردەوە کە ھەردوو فڕۆکەخانە لەو رۆژەوەی کار دەکەن، بە باشی پەیوەندییان ھەیە لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی و فڕۆکەخانەکانیش دامەزراوەی سەربەخۆن بۆیە ھەرچی فڕۆکە ھەیەی دونیا هەیە لەسەرجەم ھێڵەکان، بە رێگاپێدان بەچاودێری ئەوان دێت".
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەشکرد کە چاودێری فڕۆکەوانییەکان لە ھەردوو فڕۆکەخانەکە خوولەکانیان لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق دەبێت و مۆڵەتەکانیشیان لە لایەن ئەوانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت، ساڵانەش پزیشکی تایبەت دەنێرن بۆ پشکنینی سەرجەم ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانە کاردەکەن بە مەبەستی دڵنیابوون لە رەوشەکە".
وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "هەر رێنمایی و بڕیارێک کە لە لایەن ئەوانەوە دەردەچێت ھەردوو فڕۆکەخانەکان جێبەجێ دەکەن، ھیچ جیاوازیەک نییە لەنێوان فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی و نەجەف و بەسرە سەبارەت بە پەیوەندیان بەدەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی".
لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسی ئانادۆڵو کە ئایا ئەوان وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان تا چەند پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراقی دەبن و لەمبارەیەوە وەزیری گواستنەوە و گەیاندن گوتی: "جارێ زووە بۆ ئەم وەڵامە و پێم وایە لەم چەند رۆژەدا بواری گفتوگۆکردنمان ماوە و ئەگەر ئەوان مەبەستیان بێت ئەوا بە کەمتر لە دانیشتنێک دەتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین".
ئەمە لە کاتێکدایە ئەگەر حکوومەتی هەرێم و بەغدا نەگەیشتنە رێککەوتن ئەوا شەوی هەینی کاتژمێر ٨ سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی هەرێمی کوردستان و دەرەوە دەوەستێت و بەپێی بڕیارەکەی حکوومەتی بەغدا، تەنیا گەشتە ناوخۆییەکان ئاسایین و گەشتەکانی دەرەوە دەوەستێت.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، تەلار فایەق گوتی: " بڕیارەکەی بەغدا تەواو هەڵە و نایاساییە، ئەم فڕۆکەخانەیە تەنیا بۆ کورد و بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتییان نییە، بەڵکو بۆ زۆر مەبەستی دیکە بەکاردێت، لەکاتێکدا دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقی خۆی لە ژێرەوەی ستانداردی جیھانیدا کار دەکات و داوای چاککردنی یاساکانی لێ کراوە، ئەگەر ئەوان بڕیارەکەیان جێبەجێ بکەن، ئەو کاتە ئێمەش ھەڵوێست و قسەی خۆمان دەبێت".
دواتر بەڕێوەبەری گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، تاهیر عەبدوڵڵا گوتی: "ئێمە لە ماوەی ١٣ ساڵی رابردوودا ژێرخانێکی ئابووریمان دروستکردووە و لە جیاتی پشتیوانیکردنمان، ئێستا بۆ بڕیارێکی سیاسی دەیانەوێت فڕۆکەخانەکانی کوردستان بوەستێنن کە ئەمە زیانی دەبێت بۆ گەلی کوردستان و حکوومەتی عێراق خۆیشی و بۆ مسداقیەتی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقیی، داواتان لێ دەکەین کە کاربکەن بۆ ئەوەی ئەم خزمەتگوزارییە بەردەوام بێت چونکە رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان رێگا نادەن کە ناوەند ئەم بڕیارە بەکاربهێنێت".
رۆژی ٢٥ی ئەیلوول، پڕۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بەڕێوەچوو، دوێنێش حکوومەتی عێراق، رایگەیاند کە دەبێت لەماوەی سێ رۆژدا ھەرێمی کوردستان، فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان رادەستی دەسەڵاتی حکوومەتی بەغدا بکاتەوە.