Hemin Hüseyin
29 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2017
هەولێر-AA
بەهۆی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق کە تایبەتە بە رادەستکردنەوەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، ئەو رێبوارانەی کە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان و پێش وادەی خۆیان دەگەڕێنەوە وڵاتەکانییان و چەند رێبوارێکیش گلەیی لەوە دەکات کە دەبێت لە فڕۆکەخانەی یەکێک لە وڵاتەکان چەند کاتژمێرێک لە چاوەڕوانی گەڕانەوەیاندابن.
پێش ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە دەرەوەی وڵات گەڕابوونەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ئێستاش بەهۆی بڕیارەکەی حکوومەتی بەغدا، پێش وادەی خۆیان دەگەڕێنەوە بۆ هەندەران و ئەوان گلەیی ئەوە دەکەن کە نەیانتوانیووە کارەکانییان رایی بکەن و ناچارن بەهۆی بڕیارەکەی بەغدا زووتر بگەڕێنەوە دەرەوەی وڵات.
عەبدولباقی جەبار کە دانیشتوویەکی وڵاتی ئەڵمانیاییە و ئاماژە بەوە دەکات کە پێش ئەوەی کارەکانی تەواو بکات دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە هۆی بڕیارەی حکوومەتی عێراق و لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر ئەو بڕیارە نەبوایە دەبوو زیاتر لە مانگێک بمێنمەوە و بۆیەش بڕیارمدا زووتر بگەڕێمەوە، لێرەوە دەبێت بچینە تورکیا، نازانم لە تورکیا چەند دەمێنینەوە و ئەگەر بلیتمان دەست نەکەوت ئەوا دەبێت ماوەیەکی زیاتر بمێنینەوە".
جگە لە گەڕانەوەی ئەو کوردانەی کە لە دەرەوە دەژین، کۆمەڵێک هاووڵاتی بیانی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و ئێستا ئەوانیش بەهۆی بڕیارەکەوە دەگەڕێنەوە وڵاتەکانییان و وەک خۆیان دەڵێن کارەکانییان بە ناتەواوی بەجێ دەهێڵن.
ۆڵتەر دیاگۆ کە بەرەگەز برازیلی بوو، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەوان هاتوون یارمەتی ئاوارەکان بدەن بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی حکوومەتی عێراق داوایان لێکراوە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان.
ۆڵتەر دیاگۆ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە هاتووین یارمەتی ئاوارەکان بدەین بەڵام حکوومەتی برازیل داوایکرد کە پێویستە بگەڕێینەوە وڵاتەکەمان و ئێمەش پابەندی داواکارییەکە دەبین و دەگەڕێینەوە".
کۆڤان ئامێدی، یەکێکی دیکە لە رێبوارەکانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە نیازی گەڕانەوە بوو، بۆ ئاژاسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەگەر ئەو بڕیارە نەبووایە ئەوا بلیتەکەم هەتا ٥ـی مانگ بوو، هەرچەندە زۆر ئیش و کارم مابوو، دەبوو سەردانی دهۆک و سلێمانی بکەم و بەرنامەکەم هەمووی بەتاڵ بوو لەبەر بڕیارەی بەغدا".
سەید سوباش کە ماوەی دوو هەفتەیە لە وڵاتی تورکیا هاتووە و ئێستاش پێش تەواوبوونی کارەکانی بە ناچاری دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی دوو هەفتەیە هاتووم، هەندێک کارم هەبوو، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی بەغدا، بە ناچاری دەگەڕێمەوە بۆ تورکیا و چاوەڕێ دەکەم هەر کاتێک گەشتەکان دەست پێبکەنەوە، جارێکی دیکە دەگەڕێمەوە بۆ هەرێمی کوردستان".
جێی ئاماژەیە لە کاردانەوەی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان، حکوومەتی بەغدا داوای لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرد کە فڕۆکەخانەکانی ھەولێر و سلێمانی رادەستی حکوومەتی بەغدا بکات و بە پێچەوانەش لە وادەی دیاریکراودا گەشتە ئاسمانییەکان رادەگیرێن و بەم پێیەش ئەمڕۆ کاتژمێر ٦ـی ئێوارە ئەگەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا نەگەیشتنە هیچ رێککەوتنێک، ئەوا هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی رادەگیرێن.